گەنجینەی مەردان/ئۆکتای قائان کوڕی چەنگیز خان ٣

From Wikisource
Jump to navigation Jump to search
گەنجینەی مەردان  (1948)  by زێوەر
ئۆکتای قائان کوڕی چەنگیز خان ٣

یەکێکی تر: قانوونیان وابوو هەرچی حەیوانی هەیە نابێ سەری ببڕێت، ئەبێ لە سنگەوە هەڵیدڕن. ڕۆژێ موسوڵمانێ لە بازاڕ مەڕێک ئەکڕێت ئەیبا بۆ ماڵەوە، جاسووسی شوێن ئەکەوێ بزانێ چی لێ ئەکا. موسوڵمانەکەش کە چووە ماڵەوە دەرگاکەی داخست، مەڕەکەی سەر بڕی. جاسووس چووە سەربان لەوێوە هاتە خوارەوە موسوڵمانی گرت ڕایکێشا بۆ دیوان. کە گەیشتە قاپیی حوکومەت کردی بە هەرا هەرا کە ئەم موسوڵمانە مەڕی سەر بڕیوە. قائان پرسی ئەوە چییە؟ بانگی کرد پرسیاری لێ کردن. گوتیان ئەم موسوڵمانە بێ ئەمری ئێوە مەڕی سەر بڕیوە. کە تەحقیقی کرد ئەمری کرد موسوڵمانەکە عەفو بێ چونکە لەترسی من بەدزییەوە سەری بڕیوە، جەزا ئەبێ بۆ ئەم تورکە بێ کە شوێنی کەوتووە. جاسووس تووشی جەزا بوو، موسوڵمان نەجاتی بوو.

یەکێکی تر لۆتی و سێحربازی خەتایی هاتبوون شتی عەجایبیان ئەکرد، سوورەتی ڕەنگ ڕەنگیان نیشان ئەدا، یەکێ لەوانە سوورەتی پیرێ بوو کە سەر و مێزەری بە کلکی ئەسپێکەوە بەسترابوو ڕەی ئەکێشا. قائان پرسی ئەمە چییە؟ لۆتییەکان عەرزیان کرد ئەمە سوورەتی موسوڵمانی یاخییە بەم ڕەنگە ئەسیرمان ڕائەکێشن و ئەزیەتمان ئەدەن. قائان فەرمووی جارێ یارییەکە مەکەن، بچن دەفتەری تەبەڕڕوکاتی ماوەرائولنەهر وخوراسان و فارس و عیراقی عەرەب و عەجەم حازر بکەن. چوون بۆیان هێنا و مەتاعی خەتئییانیشیان هەموو هێنا. کە بەرابەری کردن فەرقیان زۆر بوو، تەبەڕڕوکاتی ئیسلام چەند قاتی خەتائی بوو. ئەمجار وتی دەروێشێکی ئیسلام دە کەسی لە خەتایی کردووە بە دیل، ئەمیرێکی خەتائی هەتا ئیستا موسوڵمانێکی دیل نەکردووە. ئەمە دەلالەت ئەکا لەسەر مەرتەبە زۆریی ئیسلام، وە هەم قانوونی چەنگیز خان وابووە لەباتی خوێنی موسوڵمانێ چل بالەش زێڕ بدرێ، وە بۆ خوێنی خەتایی یەک گوێدرێژی قەرار داوە. بەم دەلیل و ئیسباتانە چۆن بەسووکی و بێ حورمەتی تەماشای موسوڵمانان ئەکەن؟ ئەمجارە ئێوەم بەخشی ناتانکوژم، جارێکی تر ئەم یارییە نەکەن.

یەکێکی تر: لە شاهانی ئێران شاهێ لە مەقامی ئیتاعە و گەردنکەچیدا چووە حوزووری. لەناو ئەو دیاریی و هەدیە کە بردبووی لەعلێکی تیابوو کە بەئێرس دەستی کەوتبوو، لەسەر لەعلەکە کەلیمەی موبارەکەی «محمد رسول الله» و ناوی ئەجدادی پێغەمبەری تیا نووسرابوو. قائان ئەمری کرد حەکاک ناوی هەموویان مەحو بکاتەوە غەیری ئیسمی «محمد رسول الله» وە لەژێر ئیسمی «محمد رسول الله» ناوی خۆی بنووسن.

یەکێکی تر: دەروێشێ چەند پارچە ئاسن تیژ ئەکا، بە دارەوە قایمیان ئەکا، لەسەر ڕێگای قائان ڕائەوەستێ، لەدوورەوە چاوی پێ ئەکەوێ، سوارێک ئەنێرێ: بزانە ئەو فەقیرە چی ئەوێ؟ سوار چوو لێی پرسی ئیشت چییە، چکارەی؟ وتی فەقیرم، ئەم درەوشانەم درووست کردووە بە دیاری هێناومە بۆ قائان. سوارەکە درەوشەکانی لێ وەرئەگرێ. ئەگەڕێتەوە بۆ خدمەت. قائان لێی پرسی چی بوو؟ سوارەکە وتی فەقیرە درەوشی بە دیاری هێناوەتە خدمەت. فەرمووی بزانم چۆنن؟ درەوشەکانی تەماشا کرد. وتی ئەمانە بۆ شوان و گەلەوان زۆر لازمە مەشکەی پێ بدوورنەوە. ئەمری کرد لەجیاتی هەر درەوشێ بالەشێکی بدەنێ.

یەکێکی تر: ڕۆژێ پیاوێکی ئیختیار دێتە خدمەتی عەرزی ئەکا هاتم سەد بالەشم بدەیتێ کاسبی پێوە بکەم. قائان ئەمر ئەکا دووسەد بالەشی بدەنێ. خەزنەدار وە خدمەتکاران عەرزی ئەکەن ئەم پیرە عومری ئەوەندە نەماوە بتوانێ کاسبی بکا، بۆچی ئەو میقدارەی بدرێتێ؟ قائان وتی ئەم پیاوە لە موددەتی عومریدا ئەم خولیاو خەیاڵەی بووە، بام مەقسوودی بێتە جێ. بردیان بۆ خەزنە پارەکەی تەسلیم بکەن، ژمارەکەی تەواو نەبوو هەر لەوێدا مرد.

یەکێکی تر: گەنجنامەیەکیان دزییەوە کە ئەفراسیاب لە فڵان مەکان گەنجێکی داناوە بە گا و گەردوون لەبن نایەت. ئەو مەوقیعەش بەجێگای شازادەکانی چەنگیزی نزیک بوو. کە باسی گەنجی ئەفراسیابیان بۆ خوێندەوە وتی ئێمە ئیحتیاجیمان بە خەزنەی کەس نییە، ئەوی خۆم هەمە ئەیبەخشم و بڵاوی ئەکەمەوە بەسەر بەندەی خوا و تەبەعە و لەشکردا، زیاترم ناوێ.

یەکێکی تر: توجارێ پێنج سەد باڵەشی لە خەزنە وەرگرت تیجارەتی پێوە بکا. لەپاش موددەتێ هاتەوە بە عوزری بێمەعناوە کە بالەشەکان نەماون، زەرەرم کردووە. قائان ئەمری کرد پێنج سەد بالەشیکەیان دایێ. ساڵێکی تر لە ئەوەڵ جار زیاتر بە موفلیسی هاتەوە. عەرزی قائانیان کرد کە فڵان کەس بالەشەکانی هەموو خواردووە. ئەفەرمێ بالەش چۆن ئەخورێ؟ وتیان فرۆشتوویە بە پارە، پارەکەی داوە بە جل و بەرگ و خواردەمەنی. قائان وتی کە واتە بالەشەکان هەمووی ماوە، لای ئەو نییە، لای ڕەعیەتی ترە، نەفەوتاوە. ئەوەندەی تری بدەنێ ئەمما نەسیحەتی بکەن ئەوەندە ئیسراف و زیادەخۆری نەکا.

یەکێکی تر: ئەهلی خەتاییی بۆ شکات هاتنە خدمەتی عەرزیان کرد پێنج هەزار بالەش پارەی توجار قەرزدارین، لەدەستمانا نییە بەجارێ ئەم قەرزە بدەینەوە. ئێمە ئەڵێین بە قیست بەمانگ ئەیدەین، توجار لێمان قوبووڵ ناکەن. قائان کە لە شکاتەکە حاڵی بوو خەیاڵی کرد لەدڵدا وتی توجار پارەی دەست نەکەوێتەوە بە چی کاسبی بکا. ئەهالیش ئەم میقدارەیان بەجارێ لێ بسێنرێ مەحو و پەرێشان ئەبن. ڕووی تێکردن، فەرمووی خۆتان و ساحیب قەرز سبەی بێن بۆ خەزنە، ئەوی قەرزی هەیە سەنەدی بنوێنێ لە خەزێنە قەرزەکەی وەربگرێت. ئەهالی بە دڵخۆشی ئەو شەوە ڕایانبوارد. بەیانی لەگەڵ ساحێب قەرز ڕوویان کردە خەزنە دەستیان کرد بە قەرز وەرگرتنەوە. هی وا هەبوو غەشی ئەکرد زیاد لە حەققی خۆی، بە شەریکی لەگەڵ ئەهالی وەری ئەگرت. ئەهلی خەتایی بەجارێ قەرزیان لەسەر لاچوو، بە دڵخۆشی گەڕانەوە بۆ خەتا.

یەکێکی تر: پیاوێ لە جێگا ڕاوی قائانا سێ شووتی بۆ برد. قائان کە پارە و زێڕ و بەرگیان پێ نەبوو، ئیشارەتی کردە تووکا خاتونی حەرەمی کە دوو دوڕڕی بەقیمەتی لە گوارەکەیا بوو، بیدەنێ. وتیان فەقیرێ قەدری ئەم دوڕڕانە نازانێ، سبەینێ بێتەوە هەرچی حازر بێ وەری بگرێت. قائان وتی ئەم فەقیرە تەحەممۆلی ئەوەی نییە هەتا سبەینێ بوەستێ. عادەتی مەردی سەخی ئەوە نییە کە وەعدە بدەن و بە مەشەققەت بیدەن. ئەم مرواری و ئەڵماسانە ئاخری دێتەوە بۆ خۆمان. لەسەر فەرموودەی قائان دوڕەکەیان تەسلیم ساحێب شووتی کرد. بەخۆشی گەڕایەوە، چوو فرۆشتی بە قیمەتێکی کەم. موشتەری وتی ئەم ئەڵماسانە قابیلی قائانە، بەناوی دیارییەوە بردی بۆ قائان. وتی ئەمە ئەو مروارییانەیە کە وتم دێتەوە لای خۆمان. تەسلیم بە تیمووکا خاتوونی کردەوەو ئەو کەسەش کە بۆی هێنایەوە بە ئەنواعی عەتا مەسرووری کرد.

ساحێبی «روضة الصفا» ئەفەرمێ: ئەلحەق ئەو زەمانە ئیجابی بە کەرەم و مرووەت کردووە، ئیستا کە تەئریخی نۆسەدی هیجرییە بەحیکمەت شت ئەبەخشن، لە سەددی ڕەمەق زیاتر ئینعام نەماوە. غەڵەتم وت ئەم سەخاوەتی بەئیعتیدالە بەنەزەر بەعزێ زاتەوەیە، وەئیللا ئیستاش مەردی وا هەیە لە ئیسراف و بەخشش و کەرەما نە قائان و نە تایفەی بەرمەکیی هێشوویان لە پشتەوە ناکەن.