گەردوخولی ئەم ئاسمانە شینە
Appearance
| گەردوخولی ئەم ئاسمانە شینە | هەرچی لێ ڕوودا دووری مەبینە |
| چڵکە هەورێ دێ بە داو و بە تاو | لە پاش سەعاتێ ئەیکا بە لافاو |
| خانووی هەژاری پێ دەڕووخێنێ | تۆوی زۆرداری پێ دەڕوێنێ |
| گاهێ دەبینی گرمەی هەور و با | زراوی پیاوی ترسنۆک ئەبا |
| کەچی لە پڕێک ئەیکا بە هەساو | ئارام ناگری لە تینی هەتاو |
| خوا ئەمانەمان وا بۆ دەنوێنێ | کە دەوران لە سەر حاڵێ نامێنێ |
| ئەم ڕەنگاوڕنگەیش ئەبینێ ئینسان | ئەڵێی نە بایان دیوە و نە باران |
| با وجود ئینسان کە لە نیسیانە | ئەبێ هیچ خەمی نەبێ بە مانە |
| ئەگەر کەس نەمرێ بە مەرگ و کوشتار | دنیا پڕ ئەبێ لە نەتەوەی هار |
| ئەبێ بازاڕی کۆن ببڕێتەوە | تا دەستەی تازە جێیان بێتەوە |
| ئێستا ئەوانەی لە فەن بوون پەیدا | خەریکن کە قڕ بخەنە دنیا |
| هەرچی تەئسیری کوشەندەترە | لە دەوڵەتاندا بڕەندەترە |
| جاران ئەیانگوت ئەهلی شەرق وەحشین | لە چاو ئەواندا ئێمە بێبەشین |
| کەی بە بۆن ئێمە خەڵکمان ئەخنکاند | کەی بە تەیارە بۆمبامان وەشاند |
| لە بەحر و بەڕ و ژێرزەوی و هەوا | جێی سەرخەوێکی ڕەحەتی نەما |
| توخوا لێی گەڕێ با ببڕێتەوە | ڕۆژی قیامەت نزیک بێتەوە |
| قازانجی ئێمەی تیایە ئەو دەورە | ئیمە باوەڕمان بە حەشر و نەشرە |
ڕۆژنامەی ژین، ژمارە 578 و 200
1939/08/31
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|