گلێنەی چاوت بکە بە وێنە
Appearance
گلێنەی چاوت بکە بە وێنە | عالەم ببینە، هیچ خۆت مەبینە |
کە بە خودبینی خۆت لە خۆت گۆڕی | زوو لە خۆت ئەگەی شایستەی گۆڕی |
بە زەردەخەنە کە کەوتیە ڕەخنە | بۆ دیواری قەدر ئەبێ بە ڕەخنە |
تازە پیاکەوتوو کە قەرزت باتێ | ئەیداتەوە ڕووت لە دوای سەعاتێ |
بەڵام پیاوی کۆن خزمەتت بکا | ئەیەوێ نە خۆت نە کەس تێ بگا |
لە پاشملەی خەڵک بەو ڕەنگە بدوو | شەرمەزار نەبی کە کەوتیتە ڕوو |
کە چاکە ئەکەی مەیڵێ لەلای کەس | بۆ زەوقی خۆت بێ و خوا بیزانێ و بەس |
کەسی هیوادار نائۆمێد مەکە | خێرت ئەنووسێ بەقەد ڕێی مەککە |
دڵی هیوادار بشکێ «قەزایە» | نوێژ «قەزای» هەیە ئەو بێ «قەزایە» |
هەزار دۆستت بێ هێشتا هەر کەمە | تەنها دوژمنێ سەرمایەی غەمە |
ئامۆژگاری بێ کەم ماڵ سووک مەگرە | پێغەمبەر فەرمووی فەقیری فەخرە |
گریان لەسەرخۆ خەم ئەڕەوێنێ | هەندێ پێکەنین دڵ تێک هەڵدێنێ! |
دەوڵەمەند و پیر حرسیان زیاد ئەبێ | حەریسیش دیارە کە ناشاد ئەبێ |
«هیتلەر» ناشادە کەوا حەریسە | شەڕەگەڕەک کەر بەشی هەر لیسە |
ڕۆژنامەی ژین، ژمارە 613
1940/12/12
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|