گاڵتە و گەپ
Appearance
| پیاوێک بوو ناوی مەلا سێ پارە بوو | دەستە پاچە و مانگر و پەتیارە بوو |
| خەڵک وتی با دانەنیشێ وا بەتاڵ | هێنایان کردیان بە مامۆستای مناڵ |
| ئافرەتێکی بوو کەتەی چل شوو کەرە | دەمشڕ و تەڕپیر و پەردە لابەرە |
| چۆپیکێشی ڕەشبەڵەک، بەربووکی بووک | دڵ بەجێهێنەر بە مەکر و نووکەنووک |
| چل قڕانی بوو بە مامانی و خەڵات | بۆ مەلا ئەیدا بە کەر کاروان بکات |
| پارەکەی وەرگرت مەلا، ڕووی کردە شار | دای بە گوێدرێژێکی ڕەختەی خەرجی بار |
| هاتەوە هەوساری بەستە قۆڵی خۆی | سێ کەسی چوختی بەپیلان کەوتنە دووی |
| هات یەکێکیان کەوتە لنگە و چەند و چۆ | تا مەلا یەکجاری غافڵ بێ لە خۆ |
| دووهەمین ڕەشمەی لەسەر کەر کردەوە | خستیە سەر خۆی لەنگەری بۆ گرتەوە |
| هەر بە پێ و دانی کەرە هەنگاوی نا | تا ئەوی تر هات کەری بردە پەنا |
| سێهەمین گوێدرێژەکەی دوور خستەوە | کەر برا هێشتا مەلا ئەیڕستەوە |
| پیاوەکەی بووبوو بە کەر خۆی ڕاتەکان | ڕەشمەکەی خۆی گرت و هەوساری پسان |
| کاک مەلا ئەوسایە ئاوڕی دایەوە | چاوی کەوت بەو پیاوە هەڵوێستایەوە |
| بانگی کرد: من تۆم کڕی کەر بووی کەچی | ئێستە وا دوو پێت هەیە و لە پیاو ئەچی |
| پێی وت: ئینسانم، بەڵام زۆر توندخووم | شێت و نادان بووم بەگژ دایکما ئەچووم |
| ڕۆژێک لێم دابوو، دۆعای کرد بووم بە کەر | چەند لە ژێر باری گرانا بردمە سەر |
| ئێستە چاوی کەوت بە من ڕەحمی بزووت | وا دۆعای کرد بووم بە پیاو لووت و بزووت |
| باوەڕی پێ کرد وتی: لاچۆ بڕۆ | قەت بە عەقڵی خۆت مەبە ئیتر خەڕۆ |
| خۆیشی چوو بۆ دێ قسەی گێڕایەوە | کەوتە دەم خەڵکی کە دەنگی دایەوە |
| خەڵک لە لایان خۆش بوو باربووی بۆ کرا | پارەیەکی زۆرتری بۆ ڕێک خرا |
| هاتەوە بازاڕ کە کەر بکڕێتەوە | تێفکری عەینی کەرە بۆی دێتەوە |
| چوو بە گوێیا وت بە سرپە و لۆمەوە | ئەو گووەی خواردووتە من نایخۆمەوە |
1939/06/15
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|