کە لە ڕووناکی کەوتیە تاریکی
Appearance
کە لە ڕووناکی کەوتیە تاریکی | چاوت نابینێ پێوە خەریکی |
ئەبێ ڕاوەستی تا چاوت ڕادێ | تا چاوت ڕادێ، کوێراییت دادێ |
لە تاریکیشدا شەمشەمەکوێرە | کەوتە ڕووناکی، نابینێ کوێرە |
ئەمانە دەردی کوتوپڕییە | قۆرتی نەگبەتی کاسە پڕییە |
هەرچی لە پڕێ کە بوو بە کوڕێ | خۆی لێ ئەگۆڕێ، زۆر بەرز ئەفڕێ |
دیارە ئەو کەسەی کە بەرز ئەفڕێ | ئەستۆ شکانی گەوجیی پێ ئەبڕێ |
ئاخ ئادەمیزاد لە خۆی باییە! | بۆ دوو ڕۆژیش بێ شاهی شاییە |
ئەم بەرزفڕینە و ئەم مل شکانە | لە ئادەمەوە ئیرسی باوکمانە |
دنیا هەزاران «فیرعەون»ی دیوە | کەللەی «کەی» لە ژێر خاکا ڕزیوە |
دوای ئەوەیش ئەوەی دوو ڕۆژی بەرکەوت | نەسرەوت تا هەوای سەر کەوت و سەرکەوت |
دنیا شێواوە بە کەس چا نابێ | سا مەگەر دەوری «مەهدی» پەیا بێ |
ڕۆژنامەی ژین، ژمارە 664
1942/04/02
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|