کەری دوو تەنەکە بای
Appearance
مامۆستای دڵسۆز مەلای شانەوەر | سەلام عەلیک یاری پڕ هونەر |
دوو تەنەکە بایی مێیە یا نێرە | جلێکی لێکە و زوو بۆم بنێرە |
ئەر فێرە بڵێ با نەسەڕێنێ | کەری دراوسێ دەرنەپەڕێنێ |
چوار ناڵە نەکا لە ناو دەغڵ و دان | خۆی بپارێزێ لە لێس و لێدان |
نەسووڕێتەوە ئەم ماڵ بۆ ئەو ماڵ | کۆڵانە و کۆڵان بۆ ماکەر بە فاڵ |
گوریس نەپچڕێ و بدا بە هەردا | گورگی زوو بیخوا و بۆی بەم بەسەردا |
تەمایەر نەبێ کا بنێتە دەم | جۆ بە خەو بینێ لە زۆر تا بەکەم |
خەیاڵ ناڵ نەکا بە ڕووی دنیاوە | ناڵ بەند نابینێ هەتاکوو ماوە |
گلەیی کۆپان نەکا لە لای من | نەمخاتە گەڕان لای دۆس و دوژمن |
بۆ ئاو خواردنەوە ئەمیە بۆ دانێ | کەس مەنعی نەکا هەتا ئەتوانێ |
چون چەمی «چەقان» لە دەرگای ماڵە | ئاوێکی زۆر و ڕوون و زەڵاڵە |
چوونکە ئەو گەورە کەری مەلایە | مەعلووم کە مەلای، کەری دنیایە |
بەڵام مامۆستا ئامان سەد ئامان | بۆ ڕۆژوو نەڵێ تەنها ڕەمەزان |
ئەبێ دوازدە مانگ هەر بە ڕۆژوو بێ | جەژنی تیا نەکا دێر بێ یا زوو بێ |
بۆ نییەت هێنان زۆری پێ ناکەین | چوون لە ئاو زیاتر هیچی پێ نادەین |
پێی بڵێ ئەگەر بچێتە زیان | کلک و گوێێ ئەبڕن بە سەهل و ئاسان |
ئەگەر بەم جۆرە ئەو ئەساچێنێ | تا بەهار ڕۆژ دە بار دار بێنێ |
ژنی بۆ دێنم کەوتمە بەهار | بۆی درووس ئەکەم کۆپان و هەوسار |
ئەگەر مێچکەیشە با بەحەیا بێ | لە نێرەکەران تۆزێ جیابێ |
داوێنی حەیا بەر نەدا لە دەس | کلک بەرزۆ نەکا بۆ کەری هیچ کەس |
نەزەر دووراودوور زەرەری نییە | چوون چاو ناگیرێ دەسەڵات چییە؟ |
تەمایەر نەبێ زەنگ بکاتە مل | یا گۆنییە شڕێ بۆی بکرێ بە جل |
سەرفی نەزەر کا لەهەموو خواردن | گەوڕ نابینێ تا ڕۆژی مردن |
من خۆم جێم نییە تیا بنووم شەوێ | گەوڕی ئەوم، چۆن دەست ئەکەوێ؟ |
نەڵێ لە سەرما نییە قەرارێ | بە قسەی تەقویم کەم بەفر ئەبارێ |
چوونکە جێگەمان زۆر کوێسان نییە | ژێر بنە پاسار خراپی چییە؟ |
هۆشی بە خۆی بێ شێخانی کەولوس | بۆختان ڕێک ئەخەن بۆ بێگانە و دۆس |
نەسووڕێتەوە لەم دیو بۆ ئەو دیو | خۆی بپارێزێ لە هەتیو مەتیو |
ئەگەر بەم جۆرە ڕازی ئەبێ پێم | لە قسەم دەر ناچێ هەرچی من ئەڵێم |
وا ئەی دەم بە شوو بە قەدر و حورمەت | نەجاتی ئەدەم لە دەرد و زەحمەت |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|