کۆمەڵی هیوا و حەرفی «ژ.ک»

From Wikisource
Jump to navigation Jump to search
کۆمەڵی هیوا و حەرفی «ژ.ک»  (1945) 
by مەلا مارف کۆکەیی
ئەی خودایە بۆم بنێری قاسیدێکی سینەساف بچتە خزمەت کۆمەڵی هیوا و حەرفی ژێ و کاف
گیر نەبێ بڕوا لە قەولی من بچێ پێیان بڵێ ئەی مودیری ئیتتیحاد و ئەی مەداری ئیئتیلاف
من لە داخی کوردی بەد ئەخلاق و بێ عیلم و سەواد یا دەبێ بمرم وە یا هیجرەت بکەم بۆ کێوی قاف
عونسور و ماهییەتی ئەم قەومە هەر کیبرە و غروور هیچ لە باریاندا نییە غەیری درۆ و لاف و گەزاف
حەق نەناس و ناسپاس و بێ ئەساس و بێ حەواس موفسید و ئەهلی غەرەز مایل بە جەور و ئیعتیساف
گەر دەچن بۆ کەردزین و ڕاوەڕووت و ڕێگری وادەزانن دەچنە سەر شایی و زەماوەند و زەفاف
کەس نییە پێیان بڵێ ئەی پڕ نیفاقی بێ ویفاق تا بە کەی تۆخودا هەتا کەی ئەو شیقاقە و ئیختیلاف
غەیری کوردی بێ تەعەسسوب میللەتی دنیا هەموو بوونە ساحیب سەروەت و عیلم و سەواد و مووشکاف
ئیختراعی ڕادیۆ و تەییارە بۆیە هاتنە ڕوو چوونکە پێیان هیچ بوو ماشێنی زەمینی و تێلگڕاف
هیممەتو ئەوڕۆکە بێ، ئەوڕۆکە ڕۆژی غیرەتە دەس بدەینە دەستی یەک ڕوو کەینە مەیدانی مەساف
ڕەفعی زوڵم و حیفزی نامووس و حقووقی میللەتێ چاترە سەد مەرتەبە لە زیارەتی بەیت و تەواف
یا بە ئازادی و بە شادی دەچنە ناو حەڵقەی میلەل یا لەسەر کورسی سەر و مل دەچنە نێو حەڵقەی تەناف
پیاوی بێ غیرەت کە مەشهوورە دەڵێن دینی نییە ئەو حەدیسە زۆر سەحیحە بێ شک و شیبهە و خیلاف
تا نەبینی دەردیسەر هەر تا نەخۆی خوێنی جیگەر تا نەکێشی خەنجەر و شمشێر لە کالان و غیلاف
نیعمەتی ئازادی و شادی وەدەست کەس ناکەوێ هەر بە مەحزی «يا الهي نجنا من ما نخاف»
خۆبەخۆ قیتن وەکوو ئەلفن بەڵام بۆ ئەجنەبی مونکەسیر وەک حەرفی کاف و مونحەنی وەک شکڵی قاف
ئەی خوداوەندا بە حورمەت حەزرەتی خەیرولبەشەر ئافتابی ئاسمانی چوارەمی عەبدولمەناف
مەحزی لوتف و مەرحەمەت ئیسلاحی ئەحواڵمان بکەی بینە پیاوێکی حیسابی بێ گرێی دڵپاک و ساف

گۆڤاری نیشتمان، ساڵی یەکەم، ژمارە ۳و٤
۱۳۲۲ (1943)


This work is now in the public domain in Iran, because according to the Law for the Protection of Authors, Composers and Artists Rights (1970) its term of copyright has expired for one of the following reasons:
  • The creator(s) died before 22 August 1980, for works that their copyright expired before 22 August 2010 according to the 1970 law.
  • The creator(s) died more than 50 years ago. (Reformation of article 12 - 22 August 2010)

In the following cases works fall into the public domain after 30 years from the date of publication or public presentation (Article 16):

  • Photographic or cinematographic works.
  • In cases where the work belongs to a legal person or rights are transferred to a legal person.