کۆتر و ڕاوچی
Appearance
| ڕۆژێ دەروێش ئەوڕەحمان | ساچمە زەنی کردە شان |
| کولەکەی بەستە کەمەر | بۆ ڕاو لە دێ هاتە دەر |
| ساچمە زەنی گرتە مشت | دووسێ نانی بەستە پشت |
| تاوێ سەر شان، تاوێ شیو | تاوێ چاڵایی نەدیو |
| تاوێ لە دەشت تاوێ دوڵ | ئەسووڕاوە چۆڵ بە چۆڵ |
| ڕوانی داری بەری جوان | سەوز و گەش و گەڵا پان |
| باڵا بەرز و بن قەوی | بووبوو بە چەتری زەوی |
| کاتیش کاتی هاوینە | خۆرەتاو زۆر بەتینە |
| ڕاوچی بەدبەخت و غەددار | لایدا بۆ سێبەری دار |
| دانیشت وەنەوز ئەیبردۆ | کیسەی لە پشتێن کردۆ |
| سەبیلێ لا شکاو | بەبنێشت پینە کراو |
| سەبیلی بادا تەواو | دەری هێنا ئەستێ و تاو |
| ویستی کە دایگرسێنێ | ئارەزووی پێ بشکێنێ |
| کاتێ ئەستێی دا لەبەرد | کۆترێکی دەنووک زەرد |
| کەوتە خوێندن لەسەر دار | هەروەک بوڵبوڵی بەهار |
| لەگەڵ بێچوولەکانی | دەمیان کرد بە گۆرانی |
| بەدەنگێکی نەرم و نۆڵ | هەموو پێکەوە بە مۆڵ |
| ئەیانوت بژی وڵات | گشت کەس بگا بە ئاوات |
| کۆتر ئەیوت بە بێچوو | دوبارەی ئەکرد زوو زوو |
| بڕوانن بۆ ئەم دارە | چەمەڵ بەندی نازدارە |
| ڕۆڵە یاخوا گشت وڵات | دووربێ لە زوڵم و ئافات |
| ئەوڕەحمانی خوا گرتوو | گوێی لە دەنگی کۆتر بوو |
| بێ ئینسافی مل قەوی | سەبیلی نایە زەوی |
| بەسووک نەوی لە تفەنگ | مشتی لێگرت بەبێ دەنگ |
| ڕەحمی نەکرد بە بێچووی | تازە لە هێلکە دەرچووی |
| تفەنگی هێنا سەرپێ | تەقانی و کوشتی لە جێ |
| ساچمە ئاژین بوو لە دار | کۆتری پێکراو کەوتە خوار |
| بە زمانی حاڵ هاتە زمان | وتی ڕاوچی بێ ئیمان |
| بۆچی واتکرد بە حاڵم؟ | بۆچی شکانت باڵم؟ |
| بۆچی لە بێچووت بڕیم؟ | بۆچی جەرگت هەڵدڕیم؟ |
| بۆچی لە گیانی شیرین | بێ بەشت کردم لە ژین؟ |
| وەک تۆ ژینت لاخۆشە | دڵ منیش بۆی پەرۆشە |
| ئەوا خۆم هیچ بێچووەکان | بێ خۆم چی بکەن بۆ ژیان؟ |
| لە عومرا زۆر مناڵن | هێشتا بێ پەڕ و باڵن |
| چۆن بژین؟ چۆن بمێنن؟ | لە دەوری کێ بخوێنن؟ |
| ئەی کافرەی بێ ئیمان | چیبکەن بێکەس لە هێلان؟ |
| ئەشێ چی بێ گۆشتی من | وا لێم بوویی بە دوژمن |
| گۆشتی من دە مسقاڵە | ئەویش زۆر تورت و تاڵە |
| ئەو گوللەیە تەقانت | بەدڵ منا چەقانت |
| ئەگەر بتدایە بە گۆشت | گۆشتی زۆرتر ئەکرد بۆت |
| ئەی خوێنمژی هەژارخۆر | ئەی ملهوڕی خاوەن زۆر |
| ئەگەر ڕاست ئەکەی پیاوی | یا وەک مانگا نەزاوی |
| هەڵچۆ لە خۆت بەرەو ژوور | بکوژە نزیک تا لە دوور |
| ئەرنا لەخۆت بەرەو خوار | هەی بێ حەیای شەرمەسار |
| ئەوە کام دین؟ کام ئایین؟ | بەتۆ ئەڵێی ئافەریین |
| بۆ هەر کەسێ کە کەسە | یەک تیری تانە بەسە |
| ئەگەر خاوەن حەیا بی | لە دنیا تاکوو مابی |
| ناچی بە گژ هەژارا | تفەنگ ناخەی بەدارا |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|