کچێکم هەیە لە پۆلی سێیە
Appearance
کچێکم هەیە لە پۆلی سێیە | خوشکی هەنار و لیمۆ و بەهێیە |
هەتا نیوەڕۆ خوێندەوارمە | لەپاش نیوەڕۆ کاسبکارمە |
لەبەر بێکەسی کردوومە بە پیاو | بۆ یاریدەی خۆم هێناومەتە ناو |
پیشەی مەردییە نانی بە زەحمەت | مردن خۆشترە لە نانی منەت |
کەچی گوێ ئەگرم وەک تۆپی دەتیر | تەقەم لێ ئەکەن هەرزەکار و پیر |
ئەڵێن بەڕاستی حەیای ئەم شارە | ئەم پیاوە بردی بۆ پووڵ و پارە |
کێ دی کێ بیستی لە دێهات و شار | کچ لەجێگەی کوڕ بن بە دووکاندار |
دیارە نیشانەی ئاخرزەمانە | کە وا ئابڕوو ڕووی لە نەمانە |
قەزای ئەم کچەم لە کەسێ کەوێ | بێ کەڵک و بێ خێر ئەخوا و ئەخەوێ |
ئەژی و ملئەستوور سەرزل و ملپان | دەستمایەی دەستی هەر سواڵە و گەڕان |
خۆ بەم ژیانەش ژنیش ئەهێنێ | تۆوی تەمەڵی تیا دائەچێنێ |
حاسڵی زەرعی کە بۆم پێ ئەگا | پێنج شەشی وەک خۆی دێنێتە دنیا |
ئێوە و خواتان کچی کاسبکار | بۆ باشتر نییە لە پیاوی بێکار |
ئەو عەیبە لەکوێ ئەم عەیبە لەکوێ | بەڵام داخەکەم کەس نایخاتە گوێ |
کاسب خۆشەویست دەرگای خوایە | ناکاسب هەمووی دەرد و بەڵایە |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|