کوشتوبڕ
Appearance
سەرلەنوێ وا مەکینەی ئەفساد | کەوتە ئیش، یەعنی دەستی ئیستیبداد |
سەرلەنوێ نۆکەرانی ئیستیعمار | قاپیەوانانی مەرکەزی دۆلار |
سەرلەنوێ چنگی ڕەجعییەی غەددار | سوور کراوە بە خوێن کچانی هەژار |
سەرلەنوێ تەختی گەندەڵی تاران | هاتەوە کایە بۆ ئەجەل باران |
چەندە زیندانی سەختی پڕ ئەندێش | بوونە مەڵبەندی چینی زەحمەتکێش |
بیری ڕۆشن، خەڵاتی لێدانە | نیشتەجێی کونجی تاری زیندانە |
لاوی ئازادیخوا ئەناڵێنێ | کەی بێ تۆڵەی وڵاتی بستێنێ!؟ |
موعتەقەل لیپ و بەندیخانە پڕە | پیاوی زانا تەوژمی فیکری، سڕە |
سەربەسەر ئەم وڵاتە خوێناوە | شەربەتی شادی، مەرگ و زووخاوە |
شەق وەشاندن شیعاری قانوونە | فیکری میللی، زەبوون و مەفتوونە |
جوان و پیر لە ژیان هەراسانە | دەک بە لەحنەت بێ حوکمی شاهانە |
هەر لەسەر ئەمری حەزرەتی دۆلار | لاوەکانمان کران بە عیبرەتی شار |
چیت نەکرد ئەی دۆلار و ئیستەرلین!؟ | خوێنڕژانن کرا بە پەیڕەوی ژین |
چیت نەکرد ئەی گرۆی خیانەتکار | بە سەراسەر وڵات و خەڵکی هەژار!؟ |
گوێ گرە پێت ئەڵێم کە ئەم خاکە | گۆڕی تەیموور و قەبری زوحاکە |
کۆمەڵان هێزی تۆڵە پێک دێنن | حوکمی دۆلار و شا ئەڕووخێنن |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|