کوردە دەخیلە دەستم بە دامان
Appearance
| کوردە دەخیلە دەستم بە دامان | سەماوەرە زەرد بهێنە مەیدان |
| ئاگری تیکە با بێتە خرۆش | بە وێنەی دڵی عاشق بێتە جۆش |
| زیڕەی سەماوەر بە گوێ ببیسم | بە ئیزنی خوا لە دەرد ناترسم |
| نەخۆشی ڕاستە بە دەس خوایە | چایش وەک مەولود دەفعی بەڵایە |
| قۆریەی ڕووسی، پیاڵەی ژاپانی | شەکری بەلجیکا، چایی سیلانی |
| هەمووی حازر کە لە دیوە خانت | با شادمان بێ ئەهلی دیوانت |
| بۆ ئەهلی مەجلیس تێکە پەیا پەی | بە یادی دەوران «کە یا نانی کەی» |
| ئەگەر خوداوەند ماڵی داوێتێ | پارەو حەیوان و حاڵی داوێتێ |
| بۆ تۆ چا خواردن ئەخلاقی پاکە | نور لەسەر نورە وەک ئیحسان چاکە |
| خوای گەورە بۆخۆی بۆی کردووین بەیان | ئەموال و ئەولاد زینەتی دونیان |
| مادام وەهایە وەک زەخیرەی ماڵ | شەکرو چای ئەوێ هەرکەس بە پێی حاڵ |
| برا ئەزانی شەکرو چا باوە | ئاوماڵت ئەیخوا لەملاو لەولاوە |
| ئەگەر میوانێ ڕووی کردە ماڵت | شەکرو چات نەبێ گوی سەگ بە حاڵت |
| مەڵێ قەدیمی زەمانی پێشوو | لە ماڵی شێخ و ئاغا چا نەبوو |
| یاخود لە باو و باپیرم پرسی | شەکر و چا ئەسڵەن نەبووە باسی |
| مەڵێ من نایخۆم نایە بە ماڵما | سیرەتی بابە بۆ من بەجێما |
| منیش کاکە گیان تەسدیقی ئەکەم | باوو باپیرت چای نەکردە دەم |
| کەی لە زەمانی ئەوان برا گیان | ڕێگای تیجارەت بووە وەک ئەلئان |
| بۆی بێنە پێشێ ئەنواعی تەعام | بۆت نەکرد چایی ناگری ئارام |
| کێ دێ ئوتوموبیل بە فەردەو بەبار | شەکرو چا بێنێ لەم شار بۆ ئەو شار |
| کەی بیستویانە بە شەمەندەفەر | بێتە شارەکان ئەنواعی شەکەر |
| پاپۆڕیان کەی دی تیجارەت بکا | بە ناو بەحرا بێ بازاڕت پڕ کا |
| سەنعەتی قەدیم کەی ئاوا بووە | سەروەتی ئێستا کەی ئەوسا بووە |
| کاکە سەروەتی زەمانی پێشوو | دەوڵەتی ماڵێ: بزنێ یا دوو بوو |
| ئەگە خۆ ماڵێ جووتێ گای بوایە | ئەوە مەزن بوو چونکە فەلایە |
| ئێستا کام کەس ئەڵێی فەقیرە | ساحێب سەروەت و تەخت و سەریرە |
| هەموو ساحێبی پارەو مەعاشن | خاوەنی دەزگا و دیوانی باشن |
| هەرکەس بە نەوعێ کەسابەت ئەکا | لەگەڵ سەڵتەنەت شەکرو چا ئەخوا |
| خەڵقی قەدیمی کەی لە مەیدانە | «ئەو نانە نانە ئەمڕۆ لە خوانە» |
| مەزڵووم ئەگەر تۆ وەکوو ئەوان بی | نامەی ڕەزیلی بۆ خۆت ئەنووسی |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|