کوردی پەتی
Appearance
| ئەمساڵیش دیسان وا گەیمە بەهار | سەوزەی مێرغوزار، سۆزەی مێرغوزار |
| دوگمەی سەر سینەی بەیان ترازا | بەیان بە گوڵی سپی و سوور ڕازا |
| هەوری بەهاری کردی بە هەڵا | گولاڵە خەیمەی ئاڵی خۆی هەڵا |
| بەرخ و کارژۆلەی بەهار بە قەتار | هەڵپەڕکێیانە بە بەستە و قەتار |
| کە بای داراوس ئەشنێتەوە | پیاو خۆی تێئەگا و ئەبووژێتەوە |
| ئەو بایەی خاکی زیندوو کردەوە | پیریی لە بیری پیران بردەوە |
| بە دەماغ خۆیدا لە دەماغی من | ئاخ بێ دەماغە گوڵەباغی من |
| بە دەست پیریەوە کۆکەکۆکمە | خوازبێنی بەفر و هەڵەکۆکمە |
| سا تۆخوا کوڕگەل ئێوە و خوای خۆتان | سەیر کەن لەباتیم تا دەلوێ بۆتان |
| کە «ژین» و بەهار هەردوو بایەک بێ | جوانی و نەوجوانی هەردوو با یەک بێ |
| ژین ئەو ژینەیە بەیانی بەهار | لە گۆشەی ئاوێ و یارێکی دڵدار |
| دوو دڵ یەک بۆ یەک ئاواتەخواز بێ | نەک بە نەنگەویست نیاز و ناز بێ |
| دڵیان وەک ئاوی بەیانیان ڕوون بێ | بە نەشئەی سەودای یاری گوڵگوون بێ |
| تیشکی ڕۆژ بدا لەو ئاوە جوانە | شەوق بداتە سەر کوڵم و بڕوانە |
| بە زەردەخەنە سەر گۆنای چاڵ بێ | بە بۆی هەناسە هەڵگڕێ و ئاڵ بێ |
| دڵ سەراسیمەی شێوەی نازی بێ | گوێی حەڵقە لە گوێی شیرین ڕازی بێ |
| گیان بادەی غەمزەی چاوی بنۆشێ | دەست بێپرس سێوی سینەی بپۆشێ |
| ئەو سینە سافە شەوق بداتە ئاو | ئاو بێتە لەرزە شەرم هەڵسێ لە ناو |
| سەرمەستی سەودا و سەرلەسەر ڕان بێ | ئەگریجە لەسەر ڕوو پەریشان بێ |
| ئەو شلکەی ڕانە و زوڵفە سەد تەرزە | دڵ وەک بیی ناو ئاو بێنێتە لەرزە |
| دەم بەستەی تامی دوو لێوی ئاڵ بێ | دەماغ سەرخۆشی دوو لیمۆی کاڵ بێ |
| ئەنجا بە تکای نیگا و بە نیاز | ڕازی دڵ بێتە سەر گروشم و ناز |
| بەڵام عەشقی پاک تا سەر ئەمێنێ | وجوودیش نەبێ ڕۆحت ئەژێنێ |
| ئەوی ناتوانێ کە خۆی ڕاگرێ | خۆڵەمێش ئەبا لە جێی ئاگرێ |
1933
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|