کاروان
Appearance
| جاران دە ڕۆژ بە هەچەهەچە و بارەبەرییەوە | بە گەرما و سەبوون و لێزمەی باران و تەڕییەوە |
| ترسی تەڕیدە، پێشکەشی سوار، شەوفڕێنی دز | دەستیاوی باری کەوتوو لە جێگای خلیسک و خز |
| ئەرکی گزیر و خانەبگیر و مۆریانی نوێن | بۆڵەی کەبانوو، کفری قەتارچی، پلار و جوێن |
| چنگ سووتەکەی بە ئاو و کەڕووی نۆردوە نانی کۆن | جووتە و لەقەی ناو تەویلە و هاڵاوی تەرس و بۆن |
| ئاگری تەپاڵە، لوکسی گزگل، گەڤێنی سەگ | دەستەویەخەی قەتارچی لەسەر کاو شەڕەکوتەک |
| سیخورمەی قەتارچی بۆ هەڵسان و پەلەی | لۆقە و تریسکەی ئێستر و بازدانی جۆگەلەی |
| لاسەنگی بار بدەرە بەر پارسەنگی خواریەکەی | خۆ وتی پێت لە خرتکە چوو، لەو دەشتە چی ئەکەی؟ |
| ئێجگار کە ئافرەتت لەتەکا بوو بە ترسەوە | هەر سوارێک دەرکەوێ ئەڵێی ئای جەردەیە ئەوە |
| باج و پیتاکی زەنگەنە، گیر و گرفتی جاف | هەرچیش کە هاتە ڕێ هەمەوەند بردی ساف لە ساف |
| بەم کوێرەوەریە و کولەمەرگییە، بە چڵکەوە | سێ بەنگە وەرگەڕا و بە سەر و ڕیشی کوڵکەوە |
| ئەمجا دەچوویتە شارەوە، ناو ماڵی «عاسمە» | بێت و بنووسرێت نابیتە خوێی چێشت ئەمە کەمە |
| ئێستا سواری ئوتوموبێل بە، بە سێ سەعات | ئەتباتەسەر شەمەندەفەر دەستوبرد کە هات |
| سوار بە بنوو، بەیانی لە خەو هەستە زوو بە زوو | بەغدایە هات بە پیرتەوە دەیبینی ڕوو بە ڕوو |
| جاران ئەیانوت: ئەوە «وەلی» یە تەییی ئەرز ئەکا | پێچانەوەی زەوی نییە، عیلمە کاری بەرز ئەکا |
| ئینجا کە هات بروسکە خرایە تەلێکەوە | هێنرایە خانووەوە لە چرای هەر پەلێکەوە |
| زۆرتر لە مانگەشەو دەر و ژوور ڕووناک کرایەوە | تاریکی لاچوو تێگەیینی ئێمە مایەوە |
| جارێ ئەبێ بزانین ئەمانە لە کوێوە هات | چی چاکترە لەمانە بۆ بەرزیی وڵات |
| لە لای من خوێندەوارییە، ئاهـ خوێندەوارییە | هەر میللەتێک کە عیلمی نەبێ دەردی کارییە |
| ئاخ خوێندنیش وەکوو من ئارەزووی ئەکەم | بیبینم و نەبێتە گرێی قورسی کفنەکەم |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|