ڕۆژێ بۆ سەیران بە کەیف و سروور
Appearance
| ڕۆژێ بۆ سەیران بە کەیف و سروور | چوومە لای قەڵای سروچک مەشهوور |
| وەقتێ ئەبینم قەڵای بێشومار | گشت خراپ بووە لە سەرتابەخوار |
| تەواو ڕووخاوە دیوان و سەرا | شەقی بردووە وەک تاقی کیسرا |
| پرسیم ئەی قەڵا کۆنی وێرانە | کێ تۆی کرد بینا لە ڕووی زەمانە |
| *** | |
| کام حاکم نەخشەی تۆی داڕشتووە | چ پاڵەوانێ تۆی وا کردووە |
| وتی: لە عەسری قەدیمی زەمان | «سەلیم شا» بووە، فارسی زمان |
| منی بینا کرد بۆ ژیانی خۆی | سەنگەر بووم بۆ خۆی، ڕووناک بۆ ئاسۆی |
| خۆی حوکمی ئەکرد بێباک لە دونیا | بەیداخی حۆری لە بۆ هەڵکرا |
| گەلێک زۆردار بوو، ساحێب پەهڵەوان | سیلاحی جەنگی شمشێر و قەڵخان |
| *** | |
| ڕۆژێ «سەلیم شا» پرسی لە ژنی | لە من چاپوکتر تۆ کەس ئەبینی |
| چالاکتر لە تۆم بە چاو نەدیوە | ناوی کەسێکم بەڵام بیستووە |
| گەلێ شەجیعە ساحێب جەمالە | خەیلێ خرۆمەند زۆر بە کەمالە |
| ناوی مەشهوورە: سەید قەلەندەر | جێگای بەرزنجە، لە نەسلی حەیدەر |
| *** | |
| بەم قسە خەیلێ «سەلیم» بوو غەمبار | جوابی ژنی دا لێی هاتە گوفتار |
| وتی: سبەینێ بە مەودای خەنجەر | ئەبڕم لە بنا سەری قەلەندەر |
| کە هێنام سەری قەلەندەر بۆ لات | جەسارەتی من مەعلوومی ئەدات |
| ئەمری کرد سوپا تەواو خرۆشا | ئەسبابی جەنگی بە قۆشەن پۆشا |
| *** | |
| وەقتێ قەلەندەر خەبەری زانی | سەلیم چەند سوپا و لەشکەری هانی |
| پۆشای بە باڵا هەر وەکوو حەیدەر | شمشێر و قەڵغان، پێکان و پێکەر |
| ڕووی کردە سوپا و لەشکەری عەزیم | تا لە «سڵاوگە» گەیشت بە سەلیم |
| دەستی دا شمشێر سەید قەلەندەر | بە قەسدی کوشتن کەوتە ناو لەشکەر |
| سەلیم پەهلەوان دەستی دا کەمان | لە بۆ قەلەندەر خۆی کێشا مەیدان |
| *** | |
| چەند زەربەی سەختی دا لە قەلەندەر | بە زەڕبەی سەلیم نەیهێنا زەرەر |
| دەستی دا خەنجەر قەلەندەر بە قار | هەر وکوو عەلی حەیدەری کەرار |
| بە شیپی خەنجەر کە هەڵمەتی برد | سەری سەلیم شای لە تەن جیاکرد |
| لەشکری سەلیم ڕووی کردە فیرار | بەعزێ بۆ زەڵێ قسمێ بۆ کۆسار |
| قەڵای سروچک بە زەربەی هونەر | گیرا بە زۆریی بازووی قەلەندەر |
| *** | |
| تەواو لەشکروسوپای سەلیم شا | هەمووی تەسلیم بوون، سەراسەر گیرا |
| سەری سەلیم شا، قەلەندەر دەردەم | لە بۆ تەماشا ناردی بۆ حەرەم |
| حەرەمی سەری سەلیم شای بینی | گاهـ گاهـ ئەگریا، گاهـ پێئەکەنی |
| ئەم وەسفەی عەجەب هاتە بەر نەزەر | ماجەرای پرسی سەید قەلەندەر |
| وتی سەلیم شا لە ڕووی حەرەم دا | دوێ فەخری ئەکرد لافی لێئەدا |
| *** | |
| ئەیووت بە زۆری بازووی پڕ هونەر | ئەبڕم سەری سەید قەلەندەر |
| فەخری کرد بۆیە وا کەسری هانی | لافی عەکس بوو، ئەیدا زوبانی |
| لە پاش نەمانی حوکمی سەلیم شا | سەرا و ئەیوانم سەراسەر ڕووخا |
| ئەمە چەند قەرنە ئەمن وێرانەم | سەرکز و شێواو دەستی زەمانەم |
| حاڵم ئەمەیە بۆت ئەکەم بەیان | نەشریکە مەزڵووم بیکە بە ئیعلان |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|