چەند خۆشە ئینسان شێوەی شەمعی بێ
Appearance
| چەند خۆشە ئینسان شێوەی شەمعی بێ | خۆی بسووتێنێ و نەفعی جەمعی بێ |
| چەند خۆشە ئینسان خووی چاک بگرێ | ئەوە بگرێتە باوەش کە دەمرێ |
| چەند خۆشە ئینسان کە بە ڕەنجی شان | کۆی بکاتەوە بۆ ئەرکی میوان |
| نەک لە مەڕ چەور کا بیدا بە گورگان | خۆی مایەپووچ بێ و ڕووزەردی دیوان |
| هەندێ چی دەست کەوت هەر تێ دەپەستێ | لغاوی شەیتان دەمی دەبەستێ |
| ئەو پاشەکەوتە بۆ مێردی ژنە | بە زیندوویی خۆی ژن لێی دوژمنە |
| هەرچی خوارد ئەڵێ: ئاخ نەمخواردایە | ژمارەی سەدەی تەواو بوایە! |
| کە چوویشە گۆڕێ ئەڵێ: هەی بێداد | من کۆم کردەوە کێ پێی بوو بە شاد |
| ئەمە دیارە لە پێش چاومانە | کەچی پیشەمان خۆ تەفرەدانە |
| ماڵی خۆنەخۆر بۆ چەکمە بۆرە | گەرمە گۆڕ نەبێ پیاو گۆڕبەگۆڕە |
| ئەمە توانجی بێ دەوڵەتییە | منیش کە بمبێ گوێم لەمە نییە |
| بێ دەوڵەتییە وا بێکارە بووین | بێ پارەیییە پارە پارە بووین |
| پارەمان نەبێ بەچی دەخوێنین | ئاو نەبێ درەخت بە چی ئەڕوێنین |
ڕۆژنامەی ژیان، ژمارە 542
1937/11/15
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|