چیرۆکی گوڕنەتەڵە
Appearance
| هەشت نۆ مناڵی لاسار | هەستان دەستیان دایە دار |
| وتیان: بۆ کەشافە ئەچین | وا چاکە لە ئێستاوە فێر بین |
| هەر ڕۆیشتن جووتە جووتە | تا سەرکەوتن لە هەڕووتە |
| لەوێ ڕۆژیان لێ ئاوا بوو | گوڕنەتەڵەیەکیان تیا بوو |
| وتی: تاریکیمان بە سەر هات | مار و مێروو لە کون دەرهات |
| وەرن بچنە کۆڕە شیوێ | خۆمان مات کەین لە نەدیوێ |
| ئەم پیلانەیان تەواو کرد | تروسکە ئاگرێکیان چاو کرد |
| وتیان: ئەم ئاگرە دێیە | نان و پێخەفیشی لێیە |
| هەستن خۆمان گورج کەین بچین | بۆ ئەمشەو میوانیان ئەبین |
| هەر ڕۆیشتن و شاخ و کێو بوو | تێفکرین دێ نەبوو دێو بوو |
| دەڵەدێو لە گوێ ئاگردان | خەریک بوو نانی ئەبرژان |
| داینان لە گوێ ئاگردانێ | سەر و نانی گەرمی دانێ |
| وتی: منداڵ گەورە نەبوون | فێری گەڕانی وا نەبوون |
| دێو وتی: وا خوا ناردی بۆم | ئەمشەو یەکێکیان لێ ئەخۆم |
| مناڵی ماندوو هەموو لێی خەفت | تەنها گوڕنەتەڵە نەخەفت |
| دەڵەدێو ئەیپرسی بە جەخت: | هەی مناڵ کێ خەفت کێ نەخەفت؟ |
| گوڕنەتەڵە پاڕایەوە | ئەترسا بیانخوات دێوە |
| دێو پێی ئەوت: تۆ بۆ نانووی | برسیتە و لێمان بە بیانووی؟ |
| گوڕنەتەڵەی سەر پەڕەخەڕەک | نەنوویت ئەتدەمە بەر کوتەک! |
| وتی: بیڵێم بۆچی نانووم؟ | دایکم فێری برێشکەی کردووم |
| دێوەی لەجێی خۆی ڕاپەڕان | ساجێک برێشکەی پێ برژان |
| خواردی وتی: ترێ خۆشە | ترێی لە سەر نەخۆیت بۆشە |
| هەستا و ڕۆیشت ترێشی هێنا | لەبەر گوڕنەتەڵەی دانا |
| وتی: ئیتر بیانووت ماوە؟ | هەرچیت ویست هەمووم هێناوە |
| وتی: هەموو شت تەواوە | هەر ئاوی بێژنگمان ماوە |
| تۆ ئاو لە بێژنگا بێنە | ئەگەر نەنووم بمخنکێنە |
| دەڵەدێوی عەقڵ ناتەواو | بێژنگی هەڵگرت چوو بۆ ئاو |
| بێژنگ ئاوی ڕانەئەگرت | لە داخانا شەقی ئەبرد |
| دەڵەدێوە بەرەو ماڵ هات | تەماشای کرد وا ڕۆژ هەڵات |
| سەیری کرد وێرانەی بەتاڵ | نە ماڵی ماوە نە مناڵ |
| سەری خۆی دا بە بەردێکا | یەکجاری دەمی پێکادا |
| مناڵیش بۆ ناو شار چوونەوە | بە دایک و باوک شاد بوونەوە |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|