چاوبرسی
Appearance
| ڕۆژێک عارەبیکی جبوور | ئەهاتەوە لە ڕێگەی دوور |
| گەیشتە لای قەسری شیرین | لە مێرغوزارێکی شیرین |
| دابەزی قاوەڵتی ئەکرد | هەگبەی لەسەر حوشتر داگرت |
| نان و هێلکە و گۆشتی تیا بوو | کە ڕوانی کوڕێک پەیدا بوو |
| سڵاوی کرد لە لای دانیشت | کابرا گرژ بوو لچی داهێشت |
| سەری شۆڕ کرد نانی ئەخوارد | کوڕەش هەر پارووی ئەژمارد |
| عارەب پرسی: تۆ کوێندەریت؟ | وا لە شەرم و حەیا بەریت |
| وتی: بێگانە نیم یارم | ئەمساڵ لای ئێوە جووتیارم |
| ئەمجا وتی: أشلون الحال | چۆنن چاکن ماڵ و مناڵ؟ |
| کوڕە وتی: بە کەیفی تۆن | شوکور هەموو بە ڕەنگوبۆن |
| وتی: «خمیّسی» کوڕم | دەشت و کێو بۆ ئەو ئەبڕم |
| وتی: «الحمد لله» تەواوە | پێگەیشتووە و بە شەرت پیاوە |
| وتی: دایکی چۆنە، ساغە | وتی: چاکە و بەدەماغە |
| وتی: ماینێکی چاکم بوو | وتی جوانوو ماینێکی بوو |
| وتی: تانجیە زەردم ماوە؟ | وتی: هەمیشە لە ڕاوە |
| کابرا لە خۆشیانا وەک هار | دەمی بۆ پاروو کرد بە چوار |
| تیکەی زلی بە یەکادا | هیچ بەشی کوڕەی لێ نەدا |
| ئەوی لە بەری مایەوە | نایە هەگبە و پێچایەوە |
| کوڕە ئێجگاری حەپەسا | دڵی تێکەڵ هات لە برسا |
| لەو کاتەدا ئاسکێک ڕابوورد | کابرای عارەب سەیری ئەکرد |
| کوڕ وتی: تف لەم دنیایە | ئێستە تانجیە زەرد بمایە |
| نەیئەهێشت ئەم ئاسکە بڕوا | عارەب پرسی: چی لێ قەوما؟ |
| کوڕە وتی: ڕۆحی سپارد | گۆشتی ماینەکەتی زۆر خوارد |
| وتی: ئەی ماینەکەم چی بوو؟ | وتی: فێی لێ هات و شێت بوو |
| لەقەی لە کوڕەکەت دابوو | کوڕە گیانی تیا نەمابوو |
| پۆلیس هاتن ماینیان کوشت | خەبەری ڕاستیم نایە مشت |
| زاتەن ژنەکەت نەما بوو | خانووی بە سەردا ڕووخا بوو |
| عارەب بە گریان بۆی دەرچوو | نان و هێلکەی هەموو بیر چوو |
| کوڕە میراتی پێ بڕا | ئەوەندەی خوارد هەتا پچڕا |
| ڕۆڵە ئامۆژگاریت وابێ | وەختی نان، خەڵکت لە لا بێ |
| بە ڕووخۆشی بڵێ: فەرموون | بەوە خەڵک لێت ئەبێ مەمنوون |
| چاویش مەبڕەرە نانی کەس | ئەوی خوا داویە بیخۆ و بەس |
| سەیری بەخیل چی لێ قەوما | بۆ کوڕەی چاوبرسیش نەما |
1935
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|