پەیکی هونەروەر

From Wikisource
Jump to navigation Jump to search
پەیکی هونەروەر  (1945) 
by مەلا مارف کۆکەیی
ڕووحم بە فیدای سۆزەکەت ئەی پەیکی هونەروەر عیسا نەفەسا ئەی نەفەست میشکی موعەتتەر
قوربانی نەسیمی سەحەرت بم وەرە ئیمڕۆ با پێنەکەنێ خونچەیی گوڵ لالەیی ئەحمەر
لوتفێ بکە مانیع نییە بۆ هاتن و چوونت لەم عالەمە جیسمانییەدا سەددی سکەندەر
ڕێ کەج مەکە هەر شا دەچنە خزمەتی زاتی نوورانییە فەییازە وەکوو نەییری ئەسغەر
یێک تورفە جەوانێکە لە نوور و نەزەری پڕ وەک ماهە لە نێو ئەنجومەنی ئەنجوم و ئەختەر
هەرچەند کە دەروێش سفەتە مالیکە ئەمما وەک شاە لە نێو کەوکەبەیی ئەفسەر و عەسکەر
یەک لەحزە بچوو خزمەتی ئەم شەخسە بوزورگە سوڵتانە لە نێو دایرەیی شوعبەیی عەسکەر
ئەمما بە حەقیقەت کە تەماشای عەمەلی کەی شایستەیە بۆ ڕوتبەیی سەرهەنگی و یاوەر
تالب بە کەماڵاتە وەکوو من بە مەقالات پەروانە بە شەم سۆفی بە میحراب و بە مینبەر
تەعریفی وجوودی کە بکەم من بە حەقیقەت زۆر موشکلە چۆن حەملی عەرەز مەنعە لە جەوهەر
عەرزی بکە ئینسافە دەمی سوڵح و سەفایە تا کەی لە منی عاجزی مەزلوومی قەلەندەر
بەستوویە لە تەختی ئەمەلم ڕاهی گوشادی مۆهرەی فەڕەحی خستمە نێو خانەیی شەشدەر
بەم زەحمەت و بەم میحنەتی بێحەدد و نیهایەت هاتم بە ئومێدی کەرەم و وەعدی موقەررەر
نەمزانی نەتیجەی سەفەر و میحنەت و ڕەنجم دڵسەردییە، دەستی توهییە، قەلبی موکەددەر
هەرچەندە کە تەئسیری کەلامم لە دڵی تۆ تەئسیری گڕی ئاگرە بۆ باڵی سەمەندەر
ئەمما ئەگەر ئەم دەفعە هەڵستم لە حزوورت بێ خەلعەت و بێ جایزە، بێ شەربەت و شەککەر
ڕەسمەن لە سەرم لازمە عەرزێکی بنووسم بۆ مەحکەمەیی ساڵحەیە حەزرەتی حەیدەر
ئەی «بولحەسەن»ا بم بە غوڵامی «حەسەنەین»ت خاکی قەدەمی سەییدی «سەججاد»ی مونەووەر
جارووکەشی خاکی قەدەمی «باقر»ی تۆیە کەیخەسرەو و دارا و فەرەیدوون و سکەندەر
یەک نوختە لە عیلمی لەدونی «سادق»ە ئەوڕۆ نووسراوە لە ئەوراقی دڵ و سینە و دەفتەر
قوربانی سەراپەردەیی «مووسا» و «ڕەزا»تم باڵاترە قوببەی لە سەراپەردەیی ئەخزەر
کەمتر لە هەموو سائیل و دەروێش و گەدایە لەو عەرشە موعەللایە هەموو خەسرەو و قەیسەر
ئەی ڕێزەخوری سفرەی ئیسحانی «جەواد»ت سەد مەعنی بەنی زائیدە، سەد حاتەم و جەعفەر
دەستی من و دامێنی «نەقی» و «حەسەن»ت بێ یەک ئامیر و سەر «عەسکەر»ە یەک هادی و ڕەهبەر
ئەی پادشەهی مەسنەدی ئیقلیمی ویلایەت ئەوڕۆژە کە «مەهدی» لە تەڕەف حەزرەتی داوەر
خەلعەت دەکرێ ئەفسەر و ئەوڕەنگی عەداڵەت نامێنێ لەسەر سەتحی زەمین ئیسمی ستەمگەر
من عاریزم ئەو ڕۆژە لە ئەو زاتە بوزورگە تەعقیبی دەکەم تا دەگەمە دامەنی مەحشەر


This work is now in the public domain in Iran, because according to the Law for the Protection of Authors, Composers and Artists Rights (1970) its term of copyright has expired for one of the following reasons:
  • The creator(s) died before 22 August 1980, for works that their copyright expired before 22 August 2010 according to the 1970 law.
  • The creator(s) died more than 50 years ago. (Reformation of article 12 - 22 August 2010)

In the following cases works fall into the public domain after 30 years from the date of publication or public presentation (Article 16):

  • Photographic or cinematographic works.
  • In cases where the work belongs to a legal person or rights are transferred to a legal person.