پەندەکانی پێشونیان
Appearance
| پیاوی حەرامخۆر وەک کەڵەشێرە | لایەک بانگ ئەدا و بە چینەش فێرە |
| پیاوی تەماعکار هەر ئەڵێ: بیدە | کەر بە جۆ بمرێ ئەوسا شەهیدە |
| *** | |
| سوحبەتی نادان تاڵ ڕابواردنە | لە دوای کەر ڕۆین تەرس بۆن کردنە |
| مەیەڵن نەفام دەنگی دەربێنێ | سەگی هەڵەوەڕ دزتان بۆ دێنێ |
| *** | |
| ئەمڕۆ بەکەڵکە تۆ بە دۆست دەرچی | پاش لێزمەو باران کەپەنگ بۆچی |
| شێخ ئەڵێ: ئاگام لە عەرش و قورشە | کێت دیوە بە دۆی خۆی بڵێ ترشە؟ |
| *** | |
| کە من بە ڕەنجی شانی خۆم بژیم | سەری سەرداران بە ڕیشی زەعیم |
| لە زاڵم چاکە ناوەشێتەوە | گیا لەسەر بنجی خۆی ئەڕوێتەوە |
| *** | |
| بە سوێندی درۆ خۆم ناخەمە داو | تاریکە شەو و گەڵاڵی لە ناو |
| گرێی دەست بۆ دان مەهێڵەرەوە | شەڕ بەشی ئاشتی تیا بێڵەرەوە |
| *** | |
| زۆردار کە زانی مسکین بێهێزە | پێی ئەڵێ: سەگباب، گاڵت - وەگوێزە! |
| من پڵاوخۆرم بە دۆ تێر نابم | من ئەسپسوارم بە کەر فێر نابم |
| *** | |
| قەت توخنی پیاوی سەرچەوت مەکەوە | بە دەست قەرز بدە و بە پێ دووی - کەوە |
| دووگوێ و زبانێک دراوە بە تۆ | دوو ببیە و یەکێک بڵێ لەسەرخۆ |
| *** | |
| ئاگری درۆزن ساتێک ئەگڕێ | بەڕە هەر لە لای تەنکی ئەدڕێ |
| لە پردی نامەرد مەپەڕەرەوە | جەردە ڕووتت کا با لەو بەرەوە |
| *** | |
| دوژمنی ناوخۆ ڕەگ دەردەکێشێ | دار پوازی لە خۆی نەبێ ناقڵیشێ |
| لە هەموو هەورێک باران نابارێ | ڕاز کەوتە زارێ، ڕاست کەوتە شارێ |
| *** | |
| وا دامەنیشە تەمەڵ و بەتاڵ | تا نەگری مەمک نادەن بە مناڵ |
| مادام کە خۆتان خستە کایەوە | نیوەشەڕ، شەڕە، چی تیا مایەوە؟ |
| *** | |
| تف لە بەری دەست، قوەت لە یەزدان | گوڕ ببەستنەوە باز دەن بە ئاسان |
| خۆ هەڵدەنە سەر بەرانی سپی | کاتێکتان زانی پێتان تێ چەسپی |
| *** | |
| خەڵکە من بۆ خوا وا پێتان ئەڵێم | ئەمە وەسیەتە وا من لەسەر ڕێم |
| ئەگەر ئەمجارە لێک بپسێنەوە | ئیتر تا دەمرن ناحەسێنەوە |
| *** | |
| تا لەبەینا بێ ئەم شەڕەجوێنە | ئاخری ئەبێتە چڵکاوی سوێنە |
| شەڕ بێ و نیوەشەڕ هاتنە کایەوە | نیوەشەڕ، شەڕە، چی تیا مایەوە؟ |
| *** | |
| دێی فرە کوێخا مسکین هەلناگرێ | تڕەکەڵەکێ دیارە سەر ناگرێ |
| کە هات سیاسەت کەوتە ناو ژنان | ئەبێ دەس بکەین بە قوڕەڕەش پێوان |
| *** | |
| زۆر گوڕتان بەست و بازێکتان نەدا | بۆیە باوەڕتان پێ ناکەین بە خوا |
| هەرچەندە هەڕۆ خۆشتان تێی دەگەن | وەرن یا هەڕۆ یا مەڕۆی لێ بکەن |
| *** | |
| وەک شێری بێشە گەرد و خۆڵ دەکەین | کەچی لە دەنگی دەهۆڵ سڵ دەکەین |
| هاکا هەڵپچڕا ئەم گیر و بەندە | هەر کەسە عەقڵی خۆی لا پەسەندە |
| *** | |
| ڕا مەکە لە دوای کاری پڕوپووچ | هەڵ ئەخلیسکێی لەپڕ لنگەوقووچ |
| ئەوەی بە چاکەی خۆی خۆشیان ئەوێ | دەستگیری زۆرە ئەگەر بشکەوێ |
| *** | |
| ئەوەی ئەخوێنێ و ئەیهێنێتە کار | ئەبێ بە چرا بۆ ڕووناکی شار |
| هەندێکی واش هەن چراوەکوژێنن | جووتە ئەهاون کاسە ئەڕژێنن |
| *** | |
| بەرچاو و پیڵاو هەردووکیان تەنگ بێ | ئەبێ پێی دڵ و پێی ڕۆین لەنگ بێ |
| ناوەجاخ بێنە بیخەرە سەر کار | لە پێشدا برای خۆی ئەدا لە دار |
| *** | |
| گوێی ڕاستت سووک بێ بۆ چاکە بیستن | گوێی چەپت کەڕ بێ لە فیت هەڵبەستن |
| قسەی چاک زەحمەت ئەگاتە جێی خۆی | واتەی بەد زۆر کەس پۆستەچییە بۆی |
| *** | |
| پاشەکەوتی جۆ بە کەم مەژمێرە | خواردنی چوارپێ و دووپێیە لێرە |
| دووپێ بە چوارپێ ئەڵێ ڕوو بەڕوو | نوخشە بێ لە تۆ نوخشەمان دەرچوو |
| *** | |
| چوارپێ لە دووپێی بەدخوو چاکترە | بە جۆ هەڵدەکا و دڵی پاکترە |
| یەکێ بە درۆ، یەکێ چاوەڕاو | یەکێ بە ئاغام پاشام هاتە ناو |
| *** | |
| مادەم دنیایە و ئەمانەی تیایە | پیاوی دنیایی لە برەودایە |
| کە قەلەڕەشمان ڕێنیشاندەر بێ | ئەبێ گەورەمان هەر دەربەدەر بێ |
| *** | |
| ئەمە دوو جارە ئەکەوینە چاڵ | زەرەر دەبینین بە ماڵ و مناڵ |
| هێشتا پیاوی چاک لێک ناکەینەوە | گرەو لە پیاوی بەد نابەینەوە |
| *** | |
| باوەژن چەپۆک نەدا لە هەتیو | هەرگیز فێر نابێ ڕێی ئەم دیو ئەو دیو |
| موور تا نەیتاشی نابێت بە تەختە | بێ تەجروبە خام نابێ بە پوختە |
| *** | |
| خۆی پێوا وتی: باڵا شەش گەزم | سەیرم کەن ئەزم وا هەڵدەبەزم |
| کە هاژەی تەرزەی لەپڕ هاتە گوێ | بۆ کون ئەگەڕا کە خۆی تێکوتێ |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|