پەندی باڵندە
Appearance
| باخەوانێک بوو لە دێی کۆستەی چەم | باخێکی جوانی هێنا بووە بەرهەم |
| هەرچی میوەیەک ناوی بیستبوو | ناشتبووی بەڕیز ڕێکی خستبوو |
| گوڵی هێنابوو لە پۆپەی چنار | لێی دابوو چنار گوڵ بوو بە بەهار |
| بیستوچوار چەشنی ترێ لێدابوو | ڕەونەقێکی وای بەو باغە دابوو |
| ئەیانوت: ئەمە باغی ئیرەمە | بڵێی بەهەشتە هێشتا هەر کەمە |
| دەوری باغەکەی هەموو هەنجیر بوو | چەشنی هەنجیری شاری ئەزمیر بوو |
| قەلە باچکەیەک وای پێ فێر بووبوو | بەیانیان ئەیخوارد هێند لێی تێر بووبوو |
| لە دوای تێر خواردن هەڵیئەوەران | میوەی تریشی تێکڕا ئەژاکان |
| ڕۆژێک باخەوان تەڵەی بۆ دانا | پێوە بوو، قیڕەی کرد لە تاوانا |
| باخەوان هێندەی داخ لە دڵا بوو | چەقۆی دەرهێنا و سەری بڕێ زوو |
| قەلەباچکەکە لێی هاتە زبان | وتی: مەمکوژە لالۆی باخەوان |
| بەو شەرتە جارێک کە تا دەمێنم | ئیتر دیداری باغت نەبینم |
| سێ ئامۆژگاری واشت بۆ ئەکەم | یەکی گەنجێک بێت، بێ زیاد و کەم |
| یەکەم ئەو شتەی کەوا مەحاڵە | شوێنی مەکەوە ڕەنجت بەتاڵە |
| دووهەم خەم مەخۆ کە ماڵ لەکیس چوو | عومریشت ئەڕوا خەم ئەبێ بە دوو |
| سێهەم بە درۆی کەس تەفرە مەخۆ | بە شوێن کردەوەی حەرامدا مەچۆ |
| باخەوان ئەمەی وا چوو بە دڵا | چوو بەرەڵڵای کرد لە داوی چڵا |
| قەل فڕی و چووە سەر لقی دارێ | کە کەس نەتوانێ بیخاتە خوارێ |
| ڕووی کردە کابرای باخەوان وتی: | داخەکەم بۆ تۆ کە بێ قسمەتی |
| من گەوهەرێکم لە ناو زگا بوو | بتفرۆشتایە بە ملوێن ئەچوو |
| باغەوان وتی: وەرە ئاشنا بە | لەم باغەی مندا سەر بەرەڵا بە |
| قەل بە پێکەنین وتی: من ئێستا | پەندم دای کەچی لەلات نەوەستا |
| من نەموت: بە شوێن مەحاڵا مەچۆ؟ | جارێکی تر من چۆن دێمە لای تۆ! |
| وتم: خەم مەخۆ کە ماڵ لەکیس چوو | ئەبینم ڕەنگت هەڵبزڕکا زوو |
| وتم بە درۆ باوەڕت نەبێ | لە زکی قەلدا گەوهەر چۆن ئەبێ |
| «ئەمانە پەندی پێشوونیانە | کە بە زمانی مەل وتوویانە» |
| «هەرسێ پەندەکە زۆر بەهادارن | لەجێی خۆیانا گەلێک بەکارن» |
1935
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|