پێنج خشتەکی لەسەر شیعری ئەحمد موختار جاف
Appearance
| لەجێی تەییارە کوردینە کڵاش ئەسپی سەفەرتانە | تەریق نابێتەوە کوردە کەوا کەر بارەبەرتانە |
| لەباتی تاجی ئازادی بەتۆپەڵ قوڕ لەسەرتانە | لەخەو هەستن درەنگە میللەتی کورد خەو زەرەرتانە |
| هەموو تاریخی عالەم شاهدی فەزڵ و هونەرتانە | |
| لەگەڵ تۆمە دە گوێت لێبێ هەتاکەی بەندی و مەحکووم | هەتا کەی فیتنەیی یەکتر هەتاکەی نەگبەتی مەشئووم |
| لە ئازادی ژیانی خۆت هەتاکەی بێبەش و مەحرووم | دەسا تێکۆشین ئەی قەومی نەجییبی بێکەس و مەزڵووم |
| بەگورجی بیبڕن ئەو ڕێگە دوورەی وا لەبەرتانە | |
| وەرن بۆ مەرهەمی زام و برینی جەرگی کون کونتان | بەجارێ دەس بەیەک بگرن کوڕ و پیاو و کچ و ژنتان |
| هەتاکوو تەوقی مەحکوومی هەموو لابەن لەگەردنتان | بخوێنن چوونکە خوێندن بۆ دیفاعی تێغی دوژمنتان |
| هەموو ئان و سەعاتێ عەینی قەڵغان و سپەرتانە | |
| برا ئەم بێشەیە بێشەی هەزاران شێری پڕ قینە | ئەگەر دیققەت لە خاکت کەی ئەزانی خاکی زێڕینە |
| ئەمە میراتی بابانە کەوا ئێستاکە خەمگینە | بەخۆڕایی لەدەستی بەر مەدەن ئەم خاکە شیرینە |
| کە تۆزی وەک جەواهیر، سورمە و کوحلی بەسەرتانە | |
| تەماشای شیوەنی من کەن ئەیا ئەی پۆلی هاو فەردان | چلۆن ئەگریم بە کوڵ بۆ لاوی لێقەوماوی بن بەردان |
| وەرن گشت بێنە سەر ڕێگەی بڕایی هەر وەکوو مەردان | بەسەر خاکا ئەگەر نازیش بکەن حەقتانە ئەی کوردان |
| تەماشای سێبەری ئەم شاخ و کێوانەی لەسەرتانە | |
| بە خوێنی خۆت و ئەولادت چ خۆشە ئابڕوو بکڕن | بەوەڵڵا حەیفە بۆ ئێوە لەناو یارانەدا بزرن |
| لە ڕێگەی مشتە خاکێکتان بەجارێ یەک بە یەک بمرن | بەبێ قەدری بەسەریا ڕامەبوورن حورمەتی بگرن |
| گوڵاڵەی سووری ئەم سەحرایە خوێناوی جگەرتانە | |
| مەکەن مەنعم کە دائیم ئیش و کارم زاری و شینە | وەکوو پیاوی برا مردوو سەدام هەر ئاهـ و ناڵینە |
| ئەوا شێتم لە داخ پاشکەوتنی ئەم خاکە شیرینە | دەمێکە ئەم وڵاتە پەستی بێ عیلمی و نەزانیینە |
| لەسایەی عیلمەوە ئەمڕۆ ئیتر نۆرەی زەفەرتانە | |
| دەخیلە دەستە دامانم لەدەس خۆت بەرنەدەی فرسەت | نەڵێی لابە بەمن چی با نەکەومە کێشە و زەحمەت |
| بەبێ زەحمەت نەبینراوە براکەم ڕەحمەت و نێعمەت | زبانی حاڵی ئەحمەد هەر ئەڵێ وریا بن ئەی میللەت |
| بزانن بەردی ئەم سەحرایە ئەڵماس و گوهەرتانە | |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|