پێنجوێن بەبێ تۆ نزیکە مەرگم
Appearance
پێنجوێن بەبێ تۆ نزیکە مەرگم لوبنان شکێن بووی داخی بە جەرگم | |
تازەبووکێ بووی بەسەر چیاوە | ئەهاتنە سەیرت لەم لا و لەو لاوە |
پارچە ئەرزێ بووی لە پارچەی بەهەشت | زەرد و سوور و شین کەژ و کێو و دەشت |
سەیرانگای پۆلی گەنجی عێراق بووی | لەم سەردەمەدا بۆ خۆشی تاق بووی |
جێگەی هەزاران بێ نان و ئاو بووی | هەرچەند ناحیە بووی شاری تەواو بووی |
پێنجوێن بە بێ تۆ نزیکە مەرگم لوبنان شکێن بووی داخی بە جەرگم | |
بۆ هەوای ساف و ئاوی ساردی تۆ | ئەکەم هەتا هەم شیوەن و ڕۆڕۆ |
میوەی بەهەشت بوو تامی میوەکەت | کەوسەر بوو کانی و چەم و شیوەکەت |
ئێران و عێراق چاویان لە تۆ بوو | مردووش لەناوتا بە ڕەنگ و بۆ بوو |
سەد دڵی سیست گەش ئەکردەوە | سەد خەمت لە بیر من ئەبردەوە |
شاری غەزنە بووی بێجگە لە خۆشیت | خۆشی بوو سەرپاک دەرد و نەخۆشیت |
پێنجوێن بە بێ تۆ نزیکە مەرگم لوبنان شکێن بووی داخی بە جەرگم | |
تازە وەکوو کەو خاڵت ڕشتبوو | شارانی ترت بە داخ کوشتبوو |
لیوا لە چاو تۆ وێرانە دێ بوو | حەکیم بووی دەوای سەد دەردت پێ بوو |
جاربەجار ئەڵێن غەزەبی خوا بوو | دۆعای خاسان و شێخ و مەلا بوو |
خۆ تۆ بە تەنیا بەقەد کوردستان | بۆ خاسانی خوا بووبوویتە بێستان |
بێجگە لەوانەش هەتا دوو هەزار | بەخێوت ئەکرد فەقیر و هەژار |
پێنجوێن بە بێ تۆ نزیکە مەرگم لوبنان شکێن بووی داخی بە جەرگم | |
هەر چاوی چڵکن کاری تێکردی | وەک تیری قودرەت لە ناوی بردی |
ئێمەش بە جارێ بە خۆشی تۆوە | هەر بە سەرخۆشی ئەچووین بە ڕێوە |
بێ خەم و مەراق وەختی ئێواران | ئەچووینە چوارباخ پۆل پۆل بۆ سەیران |
بێ عەرەق مەست بووین بێ شەراب سەرخۆش | ژن و پیاو یەکسەر خۆشخۆر و تەڕپۆش |
وا ئەمڕۆ قەدری خۆشیت ئەزانین | کە وا پەڕگەندە و بێ خانە و لانین |
پێنجوێن بە بێ تۆ نزیکە مەرگم لوبنان شکێن بووی داخی بە جەرگم | |
نەک هەر من تەنیا پڕ داخ و دەردم | نەک هەر من تەنیا هەناسەسەردم |
هەر کەسێ ڕۆژێ کە تۆی بینیوە | وەک فەنەر قەفقەف پشتی چەمیوە |
عێراق بەجارێ بە شار و دێوە | ماتەم باری تۆن بە نێر و مێوە |
منیش بە قەدەر گشت ئەنحای عێراق | وا لەسەر شانم ماتەم و مەراق |
پێنجوێن بە بێ تۆ نزیکە مەرگم لوبنان شکێن بووی داخی بە جەرگم |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|