پێنجخشتەکی قانع لەسەر شێعری خاتوو خورشیدی دایکی
Appearance
| کچ کە کەوتە چواردە ساڵە، هەر کوڕی لاوی ئەوێ | پەرچەمی چین چین و لوول و ئەگریجەی خاوی ئەوێ |
| پەلکەیی شۆڕ و درێژ و زوڵفی قرتاوی ئەوێ | هەندێ کچ بێ تەجرەبە سووراو و سپیاوی ئەوێ |
| مێخەک و عەتر و بخور و سێوی نەخشاوی ئەوێ | |
| بێ ئەوەی ئیشێ بکا، خاو و خلیچک و مانووە | بۆ وڵامی داک و بابی، پڕ بەهانە و بیانووە |
| دەورییەی کۆڵانەکان و حەسحەسی سەر خانووە | بیر لەوە ناکاتەوە، ساڵێکی تر کەیبانووە |
| دائیمەن سەیر و سەفا و بەزم و شەو ڕاوی ئەوێ | |
| قەت دڵی ڕاناچڵەکێ بێژێ لەلای پیاو تاڵ ئەبم | بەینێ تر مەسئوولی ئیش و تەربیەی منداڵ ئەبم |
| دەستە پاچەی ناو ژنان و بێ بەها و بێ حاڵ ئەبم | ناڵێ من بەینێکی تر، کوێخا و سەرۆکی ماڵ ئەبم |
| ئەو کەسانەی وا سەرۆکن، عەقڵی گونجاوی ئەوێ | |
| دائیمەن هەر هەوڵ ئەدا، بۆ تەوق و گوڵ بیدا لەسەر | دەرکی لێ قایم بکەی جا سەر لە کون دێنێتە دەر |
| هەر خەریکی هیچ و پووچ و ئیشی بێ جێگە و سەمەر | هەر ئەڵێ بەخوا کراسی سوور نەبێ نایکەمە بەر |
| ژێر چەناخە و کرمەک و گوارە و کلی چاوی ئەوێ | |
| زۆر کچی وامان هەیە، ئایا لە دێ یاخود لە شار | سەیر ئەکەی چەن شۆخ و شەنگە، جوانە وەک دەنکی هەنار |
| خاوەنی زانین و بیر و کانی نامووس و ویقار | هەندێکیش دڵ مردەیە و، ژیرە لەسەر هەر ئیش و کار |
| تف لە زەرق و برق ئەکات و شۆرەت و ناوی ئەوێ | |
| ڕۆژ لە ڕۆژ ئیشکەرتر و، زاناتر و پڕخێر ئەبێ | بۆ جوانیش دەم بەدەم، هەر وەک گوڵی زەنوێر ئەبێ |
| دەربەسی شوو نایە ئایا، زوو ئەبێ یا دێر ئەبێ | هەر تەماشای دەستی دایکی خۆی ئەکا تا فێر ئەبێ |
| پاش هەموو عەقل و شعوورێ، خزمەتی پیاوی ئەوێ | |
| هەوڵ ئەدا بۆ پیاوێ ژیر و تێگەیشتوو خۆێندەوار | چابوک و بێ فیز و ئیشکەر، کاسبێکی بێ دەمار |
| دوژمنی قڕکا بە نرکە، هەر وەکوو شێری شکار | نانواڕێ بۆ کوڕێکی قنج و قیت و مشکی لار |
| پیاوێکی پڕ هۆش و بیر و خاوەنی ناوی ئەوێ | |
| نانواڕێ بۆ یەکێکی سەرسەری و بێ ئیش و کار | نایەوێ گەنجێ تەمەڵ بێ و دەس سپی بێ و زار و خوار |
| یا خۆ مایل بێ بە ئارەق، یا حەشیشە یا قومار | نایەوێ مێردی گەزندە و پیس بێ هەر وەک کوێرەمار |
| کاسبێکی گورج و گۆڵ و بێ بەن و باوی ئەوێ | |
| ئەی کچم، ئامان بفامە ئابڕوی خۆت بۆ ئەبەی | بۆ بە ناحەق خۆت لە پێش چاوی هەموو گەنجێ ئەخەی؟ |
| دەوری تێکۆشینە ئەمڕۆ، تۆش وەرە تێکوشە دەی | سەیری خۆرشید کە، کچم ئەمجا ئەزانی چی ئەکەی |
| چۆن حەیا و ناموسی خۆی و هۆزی فەوتاوی ئەوێ | |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|