پێنجخشتەکی بۆ پێکەنین
Appearance
| برا داخی دڵم هێندە بەتاوە | کە ئەسڵەن شەرم و عەیبم لا نەماوە |
| دە گوێ شل کە لە بۆ ئەم خووگەڕاوە | کراسێکم هەیە گشتی دڕاوە |
| لە داوێن تا یەخەی پینە کراوە | |
| هەزار خۆزگەم بە ئەو دەورانی پێشوو | کە خامی تازەبوو هیچ نەمدوریبوو |
| بەڵام بیرم نییە یەک گەز بوو یا دوو | ئەمە نۆ ساڵ و نۆ مانگە بە مێژوو |
| کە ئەم پارچە لە بەرما هەڵدووراوە | |
| بە خوێن سوور بوو ئەگەر نا ئەسڵی شینە | تەماشا کەن کە چڵکی چین بە چینە |
| لە تۆ پرسیار ئەکەم ئەم ژینە، ژینە؟؟ | وەکوو دێوجامە گوڵ گوڵ بوو بە پینە |
| ئەجووڵامۆ بە زبری نەرمە ساوە | |
| وەکوو چەرمی دەباخانە بە بۆنە | ڕەش و لۆچ لۆچ بە وێنەی هیزە ڕۆنە |
| درۆناکەم بە کۆنی هێندە کۆنە | لە بیرم نایە ئەسڵی چی بوو؟ چۆنە؟ |
| لە خامە یا بلووری یا لە جاوە! | |
| یەکێ تر وای نەدیوە چەرخی گەردوون | بە بارانی بەهاران خەیلێ مەمنوون |
| وەکوو چارۆگەکانی پورکە خاتوون | بە خەو نەیدی سپون و سونکە سابوون |
| هەمیشە چاوەڕوانی تەشت و ئاوە | |
| بە شانم تا بڵێی بارێ گرانە | پەڕۆی ئاردەماڵکی لای ئاشەوانە |
| لە دەست ئاڵۆشەکەی ماڵم وێرانە | بە ڕۆژ ئەسپابی فیزی چایخانە |
| بە شەو لیفەی مناڵی ڕاکشاوە | |
| لەکاتی دەخلەدا هۆڕ و خەرارم | لەبەر بۆنی لە مەجلیس شەرمەزارم |
| لە ڕۆژی تۆف و بارانا دەوارم | بە زستانا لە جێی زوخاڵ و دارم |
| بە هاوینانە چەتری خۆرەتاوە | |
| وەکوو تەوقی غەزەب غەزەب ناوی لیباسە | وەکوو گەوهەر لە ناوا کەس نەناسە |
| لەبەر ئەم دەردەیە حاڵم کەساسە | ئەزانم تاکوو ئەمرم هەر کراسە |
| ئەڵێی بۆ کفنەکەم زەمزەم کراوە | |
| ئەگەر خاکم ببێ و باخێ بنێژم | وەیا خانووم ببێ و خشتێ بپێژم |
| لەبەر بێ ئیشیە وا گێژ و وێژم | ئەگەر ئیشم ببێ و عارەق بڕێژم |
| چ ئیحتیاجم بە بەرگ و بە نان و ئاوە؟ | |
| وەرە بنواڕە ئەی هاودەردی هۆشیار | نەجاتم دەن لەدەست بێگاری زۆردار |
| هەتا بۆ خۆم بکەومە کاسبی و کار | ئەگەرنا ڕەنجی ڕۆژێکی کرێکار |
| بەرامبەر چەن کراسێ دانراوە | |
| هەتاکەی وا زەلیل و قوڕبەسەر بم؟ | هەتاکەی بێ مەکان و دەربەدەر بم؟ |
| هەتاکەی گیری داوی پڕ زەرەر بم؟ | ئومێدم وایە ئیتر کاریگەر بم |
| نەجاتی خۆم بدەم لەم بەند و باوە | |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|