پیاوی پیر تا بێت گوڕی کەم ئەبێ
Appearance
| پیاوی پیر تا بێت گوڕی کەم ئەبێ | داری وشک گڕی وەکوو شەم ئەبێ |
| ئاو و پیاو مەند و مۆن بن، بترسە | سەگی نەهێنگر، ڕامەگرە خرسە |
| هەندێ ڕووبەڕوو زوبانیان چەورە | کەوتە پاشملە دەم دەمە تەورە |
| پیاوی دەمهەراش کە لەبەرەوەن | شێری ماڵەوە، ڕێوی دەرەوەن |
| هەندێ بە هیوان کە هونەر باو بێ | بڵێ کێ دیویە، زستان هەتاو بێ |
| زەمانی مەهدی خەیاڵی خاوە | دنیا بە کلکی «گا» ڕاوستاوە |
| تا دەست بە کلکی ئەو «گایە» نەگری | ئەگەر شێریش بی لە برسا ئەمری |
| مانگا بە دزی «کەڵ یەگرت» جاران | ئێستا کەڵەگا ئێنن لە شاران |
| بە «تلی لی لی» مانگای بۆ دەبەین | ئەم بێ شەرمییە تازە کەوتە بەین |
| ڕوتبەی حاڵ و ماڵ هەمووی بۆ زەوقە | کە زەوقت نەبوو، ماڵ لە لات تەوقە |
| خۆ ئەشیزانین کە نایبەینە گۆڕ | نایخۆین بۆ ئەوە کە زۆرتر بێ زۆر |
| ئەم پەند و بەندە کە لە پێش چاوە | لە ڕاستی هەندێ وەک بەندوباوە |
| «سەعدی» وتوویە کە بە خوا بەندی | دەروێشی خۆشە، نەک دەوڵەمەندی |
| لەگەڵ ئەوەیشدا دەوڵەت شیرینە | ئێمە وەک «مێش» و دنیا «هەنگوینە» |
ڕۆژنامەی ژین، ژمارە 619
1941/02/27
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|