پاییز ڕوو زەردی خەزانی هێنا
Appearance
| پاییز ڕوو زەردی خەزانی هێنا | ڕەعدیش قامچی خۆی لە هەور داهێنا |
| دەمێکە بەرگی هەتیو دڕاوە | ژوور لە بێدەستان لای چەرخیش باوە |
| ئاسمان ساڵی چوار جار ئەگۆڕێ | بەختی کورد هەموو ڕۆژێ دەتۆرێ |
| خوا کێو ئەبینێ بەفری تێدەکا | بەندەیش ماستاوی ساردی لێ دەکا |
| سورشتی ئەزەل وەک «باز» و «کەو»ە | لە جێیەک ڕۆژە و لە جێیەک شەوە |
| دوێنێ خەتیب مرد ئەمڕۆ شاییە | بۆیە دەڵێن عەبد لە خوی باییە |
| ئەگەر قابینە جارجار نەگۆڕێ | سەودای وەزیری دەچێتە گۆڕێ |
| سەری بێ سەودا تۆپی فتبۆڵە | ماڵی بێ ئاهەنگ کەلاوەی چۆڵە |
| «بزن بر رندان هرچە بادا باد!» | بە بادە غەمی دڵ بدە بە باد |
| سیاسەتی ڕاست مەڕۆ مەڕۆیە | ترسنۆک بەشی هەر باوکەڕۆیە |
| شێر چۆن لە دەنگی دەهۆڵ ئەترسێ؟ | کە ژنی خۆی بێ کەس لێی ئەپرسێ؟ |
| کەری خۆمانیان کرد بە ڕمووزن | بوو بە قاڵەی دەم گاڵەی درۆزن |
| شەریف پەڵاس بۆ تەوقات لێیان | وەختە دەست بکەین بە تۆقات لێدان |
ڕۆژنامەی ژیان، ژمارە 501
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|