پاییزمان بۆ هات بۆ گیپە خواردن
Appearance
| پاییزمان بۆ هات بۆ گیپە خواردن | هەندێکیش پارووی یەکتر ژماردن |
| دوای گیپە کەشکەک نەریتی کۆنە | کە بەفریش باری دۆکەشک و ڕۆنە |
| ئەم دوو خۆرایە خۆڕایی نییە | کەم دەست ئەیزانێ مەسرەفی چییە |
| ئیمام باییڵدی هێندەی تێ نەچوو | لە تاوا ئیمام لەسەر خۆی ئەچوو |
| کەشکەکیش ترێ ڕەشکەی پێ ئەوێ | ئەمانە بۆ من چۆن ڕێک ئەکەوێ |
| کەشکەک و گیپە بۆ دەورێ خۆش بوو | کەسوکار بۆ یەک دڵ بە پەرۆش بوو |
| ئێستا برایی بڕاوەتەوە | چرای دڵ ڕوونی کوژاوەتەوە |
| ئەیشخوا و پێت ئەڵێ لە باتی چاکە | مویێ لە بەراز بێتەوە چاکە |
| هەرچی ئەیبینی هەتا حەیوانات | بیلاوێنیەوە ڕوو ئەکاتە لات |
| ئەم بنیادەمە هی وامان تیایە | خزمەتی ئەکەی ڕەنجت بە بایە |
| ئەگەر ئایینی ئیسلام بگرین | وەک براین ڕەخنە لە یەکتر ناگرین |
ڕۆژنامەی ژین، ژمارە 892
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|