وتەی خەیاڵی قانع لەگەڵ دار تو
Appearance
| ڕۆژی لە تەقدیر پادشای غەففار | ڕەحمان و ڕەحیم سەبوور و ستار |
| دای لە دەماخم هەوای کوێستانان | سەربەندی نەسیم ڕاوگەی جەیرانان |
| تفەنگێ لەکار شەش خانی قەدیم | قایش لە قەڵتاخ تەنکە تەڵا و سیم |
| خان بە تاق و جووت پێچ و لوول تا سەر | کولەکە و دەرمان، بەن و بەن کەمەر |
| کێش و درەم چاک کەوان بە قووەت | دەنگ و نەعرە بەرز چەخماخ بە حوججەت |
| ترەقەی دوو ڕوو گوللەی فراوان | لیپە و قەڕەوڵ ڕاس، ڕێک، ڕەوان |
| کردمە شانم وتم یا ڕەززاق | ڕووم کرد لە سەحرا بەتەنها و تاق |
| ناگاهـ لە تەقدیر واحدوللقەهار | ڕێم کەوتە سەخسێ ژێر سایەی یەک دار |
| دار خەیلێ پیر بێ پڕژ و بێ باڵ | پەل و پۆ وەریو بە وێنەی عەوداڵ |
| قلۆر و پواو بێ بەرگ و بێ ڕەنگ | بێ گەڵا و بێ شەوق، وێنەی تەختە سەنگ |
| تەوەککوڵ هەڵوەری و ڕزاو و پواو | کرمە ڕێز و وشک ئەعزای ساق نەماو |
| پێم نایە بەر پێ سەلامێکم کرد | دەستی ئیخلاسیم بۆ سەر مینە برد |
| *** | |
| پرسیم ئەی درەخت شەهەنشای داران | یا تاخی میران جەرگەی ناوداران |
| دور بێ لە حاڵت خەیلێ پەشێوی | دەردی پیریە یا زەدەی دێوی |
| کوا زەرگ و نیشات هەردە جارانت؟ | کوا هاژەی شا لەق سەر دیارانت؟ |
| کوا حەریری زەرد فەسڵی خەزانت؟ | کوا بەرگە ڕێزان گەڵا ڕێزانت؟ |
| نە نیشانەی تۆ نە سێف نە هەرمێ | لە لات نەماوە نە زۆر نە کەمێ |
| ئەگەر هەڵووژەی، ئەگەر چناری | ئەگەر بناوەچ، گەر مازوو داری |
| یا سپی چنار بەرزی تەماشای؟ | یاخۆ ئابنووس تەختی پادشای |
| یاخۆ دار جەوهەر پڕ لە جەوهەری؟ | یاخۆ حەیزەران دەستی عەسکەری؟ |
| ڕاستم پێ بێژە بێ دەردی سەری | بێ سەمەر بوویی یا هی سەمەری؟ |
| *** | |
| بەسەد ناڵە و دەرد دار هاتە وەرام | وتی ئەی قانع دەروون پڕ لە زام |
| ئێستە وا ڕەنگم پەژی عەوداڵە | مەشوور بووم بە تووی «مەحمووی سەرەواڵە» |
| ئەمن دەس نەمام لەیلی عامریم | یادگاری دەورەی مووسا و سامریم |
| خەڵفە درەختی عەسری شەدادم | پێوەن کراوی ڕەنجی فەرهادم |
| ئاو خۆر بووم لە جام عشقەکەی مەجنوون | چەن قەڕنم دیوە لە ڕووی دەهری دوون |
| من هەر ئەو نەوڕەس ئەو نەونەمامم | پەسەندیدەی زاڵ ئەولادی سامم |
| خەرامانی چین شیرینی ئەرمەن | لەیلی عامری زڵێخای یەمەن |
| هەر ساڵێ سەد جار هاتن بۆ لای من | پاڵیان دا وەپاڵ بێخ و باڵای من |
| تا من بووم چنار باڵای لە کوێ بوو؟ | تا من بووم لاو لاو هەر ڕەنجە ڕۆ بوو |
| ئەمما سەد حەسرەت سەد ئاخ و سەد ڕۆ | سەد داخ و سەد دەرد سەد ئێشی پڕ سۆ |
| پیری هات بەزمی شادی بەتاڵ کرد | فەرەح و عەیشی شیرینی تاڵ کرد |
| ئێستە کوا نەشئەو کوا سایە و بەرگم؟ | خەیلێ ئینتزار ئازاری مەرگم |
| عومر بە پیری نامەوێ سەد جار | هانا ها خالق تۆبە و ئیستیغفار |
| من هات لە باتی دانەی شەکەر بار | بووم بە خۆراکی مەل و موور و مار |
| مردنم فەرزە زیندەگیم ناوێ | بۆچی بمێنم لە دنیا تاوێ؟ |
| *** | |
| وتم ئەی درەخت بە عشقی حەیدەر | بە زڕەی شمشێر قەڵاکەی خەیبەر |
| بە نەعرەی ئەمیر عمر بن خطاب | بە سیدقی دەروون تایفەی ئەسحاب |
| بە قەتڵی ناحەق حسەینی مەزڵووم | بە پڕووزەی جەرگ فاتمەی مەزڵووم |
| بە حەڵقەی تەهلیل «اوليا الله» | بە قەندیل نوور گۆشەی «بيت الله» |
| بە تاجی عیززەت خەتم «ختم المرسلين» | بە برقەی شمشێر شەهیدانی دین |
| بە یاهوو یاهووی عابدانی چۆڵ | ئەڵڵا دۆست کێشان شاخ نەفیل بە کۆڵ |
| بۆم بەیان بکە تەواو گفتوگۆ | کێت دیوە بە چاو لەم دنیا بێ پۆ؟ |
| *** | |
| وتی ئەی قانع کۆنە دۆڵاشی | تۆش لەبەدبەختی بۆ مردن باشی |
| هیچ درۆ ناکەم بێ لاف و گەزاف | مایل بوون بە من ئەمیرانی جاف |
| کەیقوباد و زاڵ، ڕۆستەم و ئەرمەن | بۆڕزوو و جیهانبەخش، پادشای خوتەن |
| تووس و فڵامەرز، زووحاک و دارا | قوباد قوباد گەل، بەڵخ و بوخارا |
| فرعەون و نەمروود، شەداد و هامان | زەردەشت وجەمشید، گیو و نەوشیروان |
| قابڵ و هابڵ، زوولکەفڵ و ئەیووب | موسا و زکریا، یوسف و یەعقووب |
| «شجر التوبا»خەڵفی بەرینم | «ماءطهورا» دانەی شیرینم |
| سەوڵی گوڵ ئاوان لەلام بێ زینەت | سەرو و یاسەمەن پڕ دەرد و میحنەت |
| بەشەو کۆشکەی مەریوانی بووم | بە ڕۆژ گوزەرگای زوڵف قەترانی بووم |
| فڕەی فەقیانەی هەرزەکارم دی | لاچەناخ و گۆی شەدە لارم دی |
| مەمانی لیمۆ و سینەی سافم دی | عەرعەر قامەتان عێلی جافم دی |
| تاقی کڵاوز، لووتەوانەم دی | پەرچەم وەتێکەڵ زوڵفەوانەم دی |
| چیخی ئەسمەر پێچ نەلێموارم دی | پورگ لە سیبەر شادەوارم دی |
| پەنجە وەک شمشاڵ نەقشی نوورم دی | قەد و قامەت خۆش زەرد و سوورم دی |
| کەوشی عەروسی پاژنە دارم دی | تاچی نەرم و شل لەنجە و لارم دی |
| ئەژنۆ وەک قاقم سەر دووکانم دی | توند و نەژاکاو شلکەی ڕانم دی |
| کەلەکەی تەیار تەسک و تەنگم دی | لیباسی گوڵ گوڵ ڕەنگاوڕەنگم دی |
| سینە وەک بلوور گەردەن مینای تەڕ | ورشە و پرشەی کوڵم بەوێنەی شەسپەڕ |
| چاو پڕ لە غەمزە و گەلاوێژم دی | ئەگریجەی چین چین کورت و درێژم دی |
| چەن دیلەکانێ هەڵخرا لە من | تەختەبەنانی جووتە شۆڕەژن |
| میر و میر ئاڵای مەروانم دی | ئەمن خنکانن حەسەن خانم دی |
| هاتە سەروکار پردەکەی گاڕان | شەهەنشای ئیقلیم ئامان الله خان |
| یا تاخی سێبەر باڵای بەرزم بوو | عاشق بە تەڵای هەزار تەرزم بوو |
| خشەی سفرەی زل قەهقەهەی قلیان | چرکە و چرپەی باز زڕەی ئیستیکان |
| چەن کوژیاوم دی لاش وەبانی لاش | چەندە شێخم دی لەناو دێی دۆڵاش |
| قانع با بەس بێ قسە بە بێ سوود | ڕازی بە بە ئەمر پادشای مەعبوود |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|