وا پەرێشانم بەدەستی دەردی ئیستیهلاکەوە
Appearance
وا پەرێشانم بەدەستی دەردی ئیستیهلاکەوە | هیچ نییە هۆشم بە سەر ئەولاد و باب و کاکەوە |
ڕۆژ هەتا شەو سووڕمە مانەندی ئاش و ئاشەوان | سەیری سەرتاپام ئەکەن غەرقە بە تۆز و خاکەوە |
وا لەسەر شانم قەپان و دەورەی کووچە و ماڵمە | عەینی دەروێشم بە هووکێشان و دامەشاکەوە |
بۆ مەنێ گاڵ بێ حەواس و کاس و سەرسام سوڕ ئەخۆم | چەشنی تلیاکی بە سەودای نەشئەیی تلیاکەوە |
تووشی موسایی و موسڵمان ببین لامان وەک یەکە | وەک مەگەز فەرقی نییە نیشتن بە پیسی و پاکەوە |
شەو بە بێ خشپە و خشە نەوعێ ئەچین بۆ بار و کۆڵ | قەت سەگی پسپۆڕ وەها ناچێ بە بۆنی لاکەوە |
کۆڵێ دەرناچێ بە کۆڵی جوانەژن یان پیرەژن | مشتێ دەرناچێ بە ڕشتەی حەلقەیی فیتراکەوە |
شوهرەتە تانجی وەتەن بکرێتە کەروێشکی وەتەن | ئەیگرێ و گەر بێ و بچێتە گونبەدی ئەفلاکەوە |
ئەی فەلەک ماڵت بە قوڕ گیرێ بشکێ چەرخەکەت | وەک قوڕت داوە بە ماڵی ساحێبی ئیدراکەوە |
من بە دایم نانی قووەی شان و باڵم خۆم ئەخۆم | هیچ نەبووە چاوم لە فەیز و نیعمەتی میلاکەوە |
ئاخری چەرخی فەلەک خستوومیە ژێر باری خەفەت | هەر تەپاوتلمە بە دەرد و ئاهی حەسرەتناکەوە |
تاکو دوێنێ بوو لە بەزمی نازەنینا تا لەبم | شەکەر ئەفشان بوو لە سایەی بووسەیی پیتاکەوە |
شانشینی سەدری مەجلیس بووم لە بەزمی گوڵڕووخان | گۆشەیی جوققەی کولاهم جووت لەگەڵ سەماکەوە |
نامەلا تا نیم مەلا بوو بۆ لوقمە نانێ هەڵپەمە | هیچ نییە چاوم لە جوببە و مێزەر و سیواکەوە |
شەرتە داخێک بنێمە دڵتەوە ئەی زاڵی پیر | کاوە داخی وای نەنابێتە دڵی زوحاکەوە |
ئاوڵەی دەرد و خەمی دەرداوە ناتیق تیفلی دڵ | کەمێکێش وا چەوەکانی کز بوو لە ڕووناکەوە |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|