هەی لایە لایە سەرتیپ لای لایە
Appearance
لایەلایە بۆ سەرتیپی کوڕی بە زمانی دایکیەوە
هەی لایە لایە سەرتیپ لای لایە | خوا فرسەت بدات بگەین بە غایە |
هەی لایە لایە ڕۆڵە شیرینم | تازە نەمامی گوڵزاری ژینم |
هەی لایە لایە سەرتیپ بیناییم | تاج و تەختی گەنج کەوکەبەی شاییم |
غونچەی نەوڕەسم مایەی حەیاتم | نووری بینایی ڕووی سەر بساتم |
سەرتیپ تۆ ئەمشەو بۆ چی ناخەوی | چیت لێقەوماوە تو خوا ناسرەوی |
من بە لایەیێ ئەتلاوێنمەوە | بۆ بەردی بکەم ئەیتاوێنمەوە |
ڕۆڵە بۆ نانویت بۆ خەوت نایە | بۆ بێ دەنگ نابیت بە لایە لایە |
ئێژی دەردێکی تازە لە دڵتە | بۆیە بەم شەوە تەپاو تلتە |
ئێشی تێکچوونی خاکی کوردوسان | ئەڵبەت لێی داوی ئەمشەو تا بەیان |
بڕیاوە خەوت ئارامت قاتە | دەنگی گریانت لە سەماواتە |
هەی لایە لایە بینایی دیدەم | سەرتیپ عەزیزم ئەی بەرگوزیدەم |
گوێ بگرە لە من کۆرپەی نەخشینم | مایە و سەرمایەی دوکانی ژینم |
کوڕم تۆ بێژیت تا ئاخر زەمان | هەر حەپس و بێ بەش بوون کورد زوان |
پەتی سێدارە و بەنی قەنارە | بوو بێتە ئیرسی کوردی بێچارە |
تۆپ و تەییارە و زرێلی شەست تیر | بۆمبا و دەببابە و بڕناو و شمشیر |
بۆ قەتڵ و عامی ئێمە کریا بێ | هەر کورد بێ فتوای قەتلی دریا بێ |
کوڕم قەومەکەت کۆت و زنجیری | نەفی و قەتڵ و عام حەپس و ئەسیری |
وەی وێنە کل وا بڕیاوە باڵای | دووریاگە بەری سەرتا پەنجەی پای |
ئەر باوەڕ ناکەی تۆ سەیری خۆت کە | سەیری دەسرازە و بەنی بێشکەت کە |
ئەوسا ئەیزانی زنجیر و حەپسی | کورد بە شیر خۆری بووە بە ئیرسی |
هەی لایە لایە ڕۆڵەی زام سەختم | غەمگین و غەمبار قەومی بەدبەختم |
هیوات قەوی بێ کوڕم بە یەزدان | نەسسی ئایەتە لە پەڕەی قورئان |
لە پاش گشت شتێ خۆشی ڕوو ئەدا | فإن مع ال خۆی فەرمووی خودا |
ئیستە بە لایە بێدارت ئەکەم | لە چاکی و قەومت هۆشیارت ئەکەم |
کە پێگەیشتی ئەتنێمە خوێندن | ئەتنێمە مەکتەب بۆ تەحسیل کردن |
ئەتنێمە مەکتەب قەومی ئەجنەبی | نە وەک بۆ کورسی و بۆ سەر مەنسەبی |
نە کوو بخوێنی تۆیش وەک پێشوەکان | بۆ کورسی و زیو و بۆ ڕوتبە و نیشان |
بە ناوی کوردۆ بگەیتە کورسی | قەومت زەبوون کەی لە قەید و حەپسی |
بخوێنە کوڕم ئەمە غایەت بێ | بەرزیی کوردستان بەرزیی پایەت بێ |
هەی لایە لایە سەرتیپ لای لایە | خوا شادمانت کات بگەیتە پایە |
1947/9
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|