هەور و ڕەشەبا بەفر و هەڵەکۆک
Appearance
| هەور و ڕەشەبا بەفر و هەڵەکۆک | مشک و پشیلە لەگەڵ یەک ناکۆک |
| واشە و چۆلەکە کەروێشک و تانجی | پشیلەی مەتبەخ و هەمینە باجی |
| سەگ و گورگ و مەڕ ئاشچی و داری تەڕ | سۆفی و سەگی گەڕ چەتە و ئەسپی لەڕ |
| بە ڕۆژی شەموان جوولەکە و ئاگر | ئاغا و هەرەوەز پۆلیس و نازر |
| ئەمانە هەموو حوکمی سروشتە | تیغی بەدکاری هەر بە بڕشتە |
| هیچ کەس لە پیاوی هێمن ناترسێ | کە بەد دەرکەوێ خەڵک ئەحەپەسێ |
| خەتای کەس نییە فەلەک بەدکارە | هەمیشە لەگەڵ نائەهلا یارە |
| ئەیەوێ عالەم لە یەکتر بەردا | پاڵ بداتەوە و سەیر کا بە سەردا |
| ئەو کەسە شێتە کە لە دونیادا | بە هیوای چاکە خۆی بە فەنا دا |
| نازانێ دنیا لاشەی تۆپیوە | سەگ دەوریان داوە گۆشتیان نەدیوە |
| یا ئەبێ وەک خەڵک بێیتە شەڕەسەگ | یا ئەبێ هەڵکەی بە نانی کەپەک |
| هەرچیم دی ئەڵێ ئەی بەختی دوژمن | نایێڵێ دونیا ڕوو بکاتە من |
| ئەوی هەیشیەتی هەر بە پەرۆشە | سەیری کەن سەیری دونیا چەند خۆشە |
| هەتا باریان کەی هەر دەڵێن: کەمە | خۆزگە ئەمزانی کەی دەڵێ هەمە؟! |
| یەک بە یەک هەموو ئەمە ئەزانین | هێشتا ئەسیری جەهل و نادانین |
| بەڵام لە لامان بوو بە ئەفسانە | عەشق و سووتانی شەمع و پەروانە |
| پەندی پیرانم هێشتا لە بیرە | ڕۆژێ نووسیبووی ئەو پیاوە پیرە |
| دەوڵەمەند پارەی بە کەس نەداوە | ئەو هەموو خەڵکەی ئەڕوا بە دواوە |
| هەر ئەو نەریتە و هەر ئەو پیشەیە | ئەم پەندە بۆ من هەر سەرئێشەیە |
ڕۆژنامەی ژیان، ژمارە 546 و 137
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|