هەندێکی وا هەن کە بە زیندەخەو
Appearance
| هەندێکی وا هەن کە بە زیندەخەو | بە خەیاڵ ئەبنە حوکمداری شەو |
| هیچ نەبێ نیوەی عومریان بە خەیاڵ | خۆش ڕائەبوێرن بە مەوقیع و حاڵ |
| ئەوانەی کە شوێن پارە ئەکەون | بەو مەراقەوە شەویش بێ خەون |
| لەولایش ئەبینی کە کرێکارێ | پارەی ئەو ڕۆژەی وەرگرت ئێوارێ |
| خۆراکی کڕی بە خێر و بە بێر | دەستی ماندووە لەسەر سکی تێر |
| لەم دنیادا گوزەران وایە | کێ ئەڵێ: گێتی ئاسوودەی تیایە؟ |
| کۆی ئەکەنەوە بە «جەواڵ» و «هۆڕ» | نازانن بۆیان نابرێتە گۆڕ |
| کردوکۆشییان هەمووی تەباهە | ئەوی لە گەڵیان ئەچێ گوناهە |
| ئەمانە هەمووی وا لە پێش چاوە | ئینسان لە نیسیان دروست کراوە |
| ئەگەر نەبوایە بە فرامۆشی | بۆ کۆکردنەوە کێ تێدەکۆشی؟ |
| ئەڵێن پێغەمبەر ئەمەی فەرمووە | پەسەندە بۆیە بە گوێدا چووە |
| «بۆ دنیا بژی وەبزانە نامری | بۆ ئەولاش، ئەمڕۆ ڕێ لەبەر ئەگری» |
| فەرامۆشییە جیهان ڕائەگرێ | کێ باوەر دەکا بەیانی ئەمرێ |
| خوا لەزەتێکی وای داوە بە ژین | لە لامان خۆشە کەڕ و کوێریش بین |
| برسی و نەخۆش و ماندووی شەڕ و شۆڕ | ژیان هەر خۆشە هەتا لێوی گۆڕ |
| بنیادەم هیچی لە یەکتر ناکا | وێڵن بە ڕێگای خراپ و چاکا |
| هەر کەسە پیشەی خۆی لەلا باشە | لە ناو خۆماندا «دەوەن بە ئاشە» |
| ڕێیەکی وامان نەدیوەتەوە | سەرکەوتنی لێ بوەشێتەوە |
| هیچ کەس ڕابەری کەس پەسەند ناکا | چونکو نایانبەن بە ڕێی ڕووناکا |
| هەرچی ڕۆژێکی بەرکەوت بۆ خۆی بوو | خۆی خواردی و هەژار هەر باوکەڕۆی بوو |
| هێجگار کە «تەموین» سەنگی مەحەک بوو | بایەع بەگزادە و ئەهالی «لەک» بوو |
| مەگەر ڕاوەستین نەوەی خوێندەوار | پێبگەن ئەوان بکەونە سەرکار |
| گەسکێ بدەن لەم تێر نەخۆرانە | ئەگینە ئێستا هەر بخۆرانە |
| ئەو بێ شەرمەی وا ئەمەی کرد دوێنێ | لە ناو میللەتدا چۆن چاو هەڵدێنێ |
| ئەڵێن چاو بە چاو ئەکەوێتەوە | مەگەر «بێ شەرەف» تەریق بێتەوە |
| ئێمەیش لە نووسین نابێ ماندوو بین | دەستی وەیسکەیە و سووژنی پۆڵایین |
ڕۆژنامەی ژین، ژمارە 762 و 376
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|