هەر کەس ئەبینی هەوڵی خۆیەتی
Appearance
| هەر کەس ئەبینی هەوڵی خۆیەتی | بۆ گیرفانی خۆی چڵوچۆیەتی |
| ئەم نەڕە نەڕە و ئەم سەرە و سەرە | «ماریقە» درۆزنەی نیشتمان پەروەرە |
| ئەگەر هەر «مەلێ» هەنجیر خۆر ئەبوو | هەنجیر بە کاڵی ئەبڕایەوە زوو |
| ئەوانەی کە وا سەرکەوتن تەواو | بە فیداکاریی لاوان هاتنە ناو |
| ناوی «شووتیەکە» ئەکەن بە سندان | توێکڵی ئەهاونە بەرپێی لاوەکان |
| «دڕک» لە پاڵووی ئێستری توڕ ئەنێ | سوارەکەی بگلێ ئەویش پێبکەنێ |
| «لیسی کوێری»یە کەوتۆتە ناومان | هەروا ئەکەوێ لە سەر و چاومان |
| بۆ هەموو کارێک غایە پێویستە | پیاوی بێ مەسلەک هەر نەنگەویستە |
| ئەوی ئەخوێنێ و ئەیهێنێتە کار | ئەلەکتریکە بۆ ڕووناکیی شار |
| هەندێکی وایش هەن چراوەکوژێنن | کەڵەکی «میری سوور» ئەڕووخێنن |
| ئەوانە ئەبێ «ئەشکێڵ» بکرێن | یا لە ناو گەلا دوورەوە خرێن |
ڕۆژنامەی ژین، ژمارە 956
1949/03/02
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|