هۆنراوەی کاتی گەنجی (I)
Appearance
| دیدەم نەونەمام، دیدەم نەونەمام | دیدە ڕاستەکەم باڵا نەونەمام |
| بۆچی ناپرسی لە حاڵی خوڵام | هەتا قیامەت من هەر بە تەمام |
| دڵەی نازارت لە چی ڕەنجاوە؟ | گەرمە مەیلەکەی ئەوسات نەماوە |
| کام ئەمری تۆ هات، نەمنا سەر سەرم | عالەم ئەزانێ کە من نۆکەرم |
| مەیلت بۆ ساردە بە قسەی بەدگۆ | بە قسەی ڕەقیب مەمکە ڕەنجەڕۆ |
| دیدەم، شابازم تەڕلانی تەوار | یارم دڵسۆزم، ڕەفێقم، خەمخوار |
| شلم، شێواوم، شۆخەکەی شەنگم | یاری ئاڵۆزاو مایل بە جەنگم |
| حۆرم، فریشتەم، نازی دڵ بەندم | مەستم، هوشیارم، زیرەک و ڕەندم |
| کوانێ ئیشارە و چاوەکەی جاران؟ | لەنجە و وردە ڕەوت، نازک نازاران |
| کوانێ موحیبەت دۆعا و پەیامت؟ | کوا چروە و چپە و سروەی کەلامت؟ |
| قیبلەم، نازارم، ئاخر نەفەسمە | دەردی بێ تەبیب تەنیا و بێ کەسمە |
| ئەلویدای یاران مەرگ مێهمانە | قەتعی زیندەگی سەیری جیهانە |
| لاکە بە لامۆ ببینە ڕەنگم | ڕۆشن کە حوجرەی دەروونی تەنگم |
| بەندی ئەجەلم ئازاد کە گەردەن | وەمەرگت قەسەم شادم وە مردن |
| ئەمما بەو شەرتە بیتە سەرینم | بە چاوی پڕ ناز تێر بکەی شینم |
| خاڵان تەڕ بکەیت بە ئەشکی دوڕ بار | یەخەی زەڕنیگار دادڕی تا خوار |
| پاش کفن و دفنم ببی بە یارم | بگریتە باوەش گڵکۆی مەزارم |
| سەر بنێی بەلای خاکی گۆڕخانەم | با دەرچێ لە دڵ خەمی زەمانەم |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|