مەکە باوەڕ بەوەی پیشەی هەمیشە چەوت و دوو ڕوو بێ
Appearance
مەکە باوەڕ بەوەی پیشەی هەمیشە چەوت و دوو ڕوو بێ | بە زاهیر ئەولیای وەخت و لە باتیندا وەکوو جوو بێ |
ئەجەلمان وا لە مەیدانا وەکوو پەروانە دەورانە | لە خۆمان بێ خەبەر ناکاو لەگەڵمانا بەرەوڕوو بێ |
ئەجەل وەعدەی کە هات هەرگیز دەقیقەمۆڵەتێ نادا | لەدەس ئەم زاڵمە ڕزگاری نابێ گەر ئەرەستوو بێ |
کە کۆچت کرد لە دونیا ا لەژێر خاکی سیا پەنهان | ئەبێ ئەم لاشە جوانەی ئێمە توعمەی مار و مێروو بێ |
چ خێرێکم لە دونیا دی بە غەیری فیتنە و ئاشووب | نەتیجە چوونە لەم دونیایە وا چاکە هەتا زوو بێ |
ئەوەی چاکەی لەدەس نایە خراپەی کردووە پیشە | بەناو هەرچەندە زیندوو بێ بەڵام وای دانێ مردوو بێ |
برادەر چاکەیە عەدلە وەفایە هەر ئەمێنێ بۆت | وەکوو نەوشیروان تاکوو قیامەت ناوی زیندوو بێ |
لە وەختی مردنا فەرقی نییە سەر تەختە یا خاکە | لەژێرتا دۆشەکەت قوو بێ وەیا پەڕڕی پەرەستوو بێ |
بە هاش و هووش و تەزبێحی دوو سەد دانە مەکە باوەڕ | گرەوبوردە کەسانێکە تەبیعەتبەرز و خۆشڕوو بێ |
هەموو کەس واجیبە بۆی بۆ سەفەر دواڕۆژی بەرچاو بێ | بەپێی ئەعمالی موحتاجی بە چەند نانێکی تێشوو بێ |
جەنازەی داڕزاوی بێتە بەر چاوت چۆن ئەیزانی | قوماندانێکی ئوردوویێ وەیا جوانێکی دڵجوو بێ |
بە حاڵی زوعفی عورفی وا مەزانە دوور لە یارانە | تەنافی ڕشتەیی دینی دوو لەت نابێ ئەگەر موو بێ |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|