مەرحەبا پارە مەرهەمی زامم
Appearance
| مەرحەبا پارە، مەرهەمی زامم | فەرەحی قەلب و دڵەی ناکامم |
| پارە، بە تۆیە قووەتی ئەژنۆم | ئەتۆ دەرمانی بۆ زامی بەسۆم |
| پارە گریکی دڵی وێرانی | واسیتەی ڕوونی هەر دوو چاوانی |
| ئەتۆ چاتری لە براو باوک | هەر ئەتۆی پارە، پریاسکەی ناوک |
| بۆتۆیە برا برا ئەکوژێ | لە ڕووی مەیدانا خوێنی ئەڕژێ |
| بۆ تۆیە دەوڵەت حەرب ئەکا ئیعلان | حەیات تەرک ئەکا ئەبوورێ لە گیان |
| کاسبان بۆ تۆ ڕۆژ هەتا ئێوار | هەوڵت بۆ ئەدەن لە لادێ و لە شار |
| بۆ تۆیە جەردە کە ڕێگە ئەگرێ | بە گوللە، جەرگی ڕێبواران ئەبڕێ |
| بۆ تۆیە کە ژن حەیا ئەفرۆشێ | خۆی مەهتوک ئەکا لە بۆ قرۆشێ |
| پارە لە دونیا، هەر تۆ ئەنوێنێ | هەر وەکوو بولبول سەربەست ئەخوێنێ |
| پارە چەند پیاوی نەفام و هەرزە | بە تۆ بوو بە پیاو زیاد بەم نەوع و تەرزە |
| چەند مەردو عاقڵ بە بێ دەردی سەر | دێنە خزمەتی ئەبن بە نۆکەر |
| چەند کەسی ناکەس تۆ کردت بە پیاو | کردت بە خاوەن دیوانی تەواو |
| بە بێ تۆ پارە چەند ساحێب وەجاغ | مات و غەمگینە دەروون پڕ لە داغ |
| تەنها خەمڕەوێن جەنابی ئەمە | بێ پارە بەشی هەر جەفاو غەمە |
| هیچ کەس ناپرسێ لە ساحێب نەسەب | لە قەدرو حورمەت لە حەیاو ئەدەب |
| مەلای بێچارە کە لێی ئەپرسێ | هەزار یاسین و تەلقین بە فلسێ |
| کێ بە شێخ ئەڵێ لە کوێوە هاتووی | دەروێش بە پوڵێ سەد زیکری یاهووی |
| غەیری پارەدار هەمووی بەتاڵە | کێ مەلاو شێخی هەر لە خەیاڵە |
| هەرکەس پارەی بوو ئەو کەسە پیاوە | دێنە خزمەتی لەملاو لەولاوە |
| ئەگەر پارەدار لە فەقیر بدا | ڕەزیلی بکا تەعنەی لێبدا |
| گەلێ پێی خۆشە زۆر منەتبارە | لای نەسیحەتەو فەقیر بێچارە |
| پێی ئەڵێ حەقتە هەرچیم پێبکەی | لام نەسیحەتە هەرچیم پێ بڵێیت |
| مەزڵووم بزانە پارە بۆ دونیا | چەند فەزل و هونەر بە ئینسان ئەدا |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|