مودەتێکە ئینتیزارم بەم تەنی بیمارەوە
Appearance
| مودەتێکە ئینتیزارم بەم تەنی بیمارەوە | بەم دڵەی پڕ حەسرەت و دەرد و غەم و ئازارەوە |
| ئەی ڕەفیقانم عیلاجێ بێنە ئەم هاوارەوە | یاری من تۆراوە هەمتی چوو بەلای ئەغیارەوە |
| چارێ تریاکێ بکەن دڵ بوو بە گازی مارەوە | |
| کەی دەپرسی حاڵی دەردی عاشقی زار و مەلوول؟ | ناڵەناڵی عاشقانت کەی دەگاتە گوێی قەبووڵ؟ |
| خانەبێزراو و جنوونم دائیمەن مائیل بە چۆڵ | أمشي ميلاً عد مريضاً بێنە جێ ئەمری ڕەسووڵ |
| ئەمری حەق دێنم بەجێ تۆ بی و خودا بمشارەوە | |
| وا بریندارم بە تیری چاوی ما ذاغ البصر | بۆ تەداوی سەد کە لوقمانی زەمانم بێتە سەر |
| بۆ عیلاجم عاجزە ڕەد ناکرێ حوکمی قەدەر | هەر دەبێ مەجنوون و شەیدا بم لە کێو و دەشت و دەر |
| نیم بەتەنگی میحنەت و زنجیری عەیب و عارەوە | |
| تۆ خودا ئەی دولبەری تەن ناسک و گەردن بلوور | خوا لە چاوی بەد بەدوورت کا لەمن خۆت مەگرە دوور |
| وا لە چاوم دێ لە دووری تۆ سرووشکی زەرد و سوور | تۆ بەسەر ئەم بەندەیی بێچارەدا ناکەی عبوور |
| تابەکەی ئەم ئاوە لەم سەرچاوەیە بێتە خوارەوە؟ | |
| عاقڵان چیتان بەسەر سەحرانشینی شێتەوە | خۆ بە بێ حیکمەت نییە لەو دەشتە وا دەخولێتەوە |
| ئەڵبەتە مەجنوونی لەیلایێکە ئەیدۆزێتەوە | یا دڵی تۆراوە سەرگەردانە ئەیهێنێتەوە |
| حاسڵی بێ سڕ نییە تۆ چیت بەسەر ئەسرارەوە؟ | |
| شەو لە تاوی ئاگری دووری خەوم لێ ناکەوێ | پادشاهیی سەرزەمینم پێ ببەخشن نامەوێ |
| غەیری ئەو جێگایە وا تەشریفی یارم وا لەوێ | وەسڵی ئەو بۆ من مویەسسەر بێ بە کامی دڵ شەوێ |
| چیم بەسەر جنات تجري تحتها الأنهارەوە | |
| من کەتان ئاسا بە شەوقی حوسنت ئەی بەدری مونیر | گەرچی سووتاوم لە ئازاری برین ناکەم نەفیر |
| سەدهەزاران عاشقی وەک سابیری ڕووت و فەقیر | تەیری دڵیان بۆ بە داوی زولفەکانی تۆ ئەسیر |
| تۆ کە دانەی خاڵ ئەنێی بەو ڕوومەتی مەهپارەوە | |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|