من و سوورەگوڵ
Appearance
ئەی گوڵی سووری شێوە خوێناوی | بۆچی ئەتبینم وا بێهەناوی؟ |
هەمیشە گەڵا چرچ و هەڵوەریو | کز و داماویت بەوێنەی هەتیو |
ئایا تۆ کە بۆنخۆش و نازداری | یادگاری دەستی گەورە و هەژاری |
هەموو کەس مەستە بە بۆنی خۆشت | بۆ شێوەی سووری گەشی خامۆشت |
کیژان ئەتخەنە سەر گۆی سەرسینە | جوانیی تۆ دووقات بۆیان نەخشینە |
سەرپێچی ئافرەت لە کوردەواری | بە تۆ ڕەنگینە، بۆچی خەمباری؟ |
تو ئەو یەزدانەی کە وای لێکردی | گەر وەڵام نەدەی بە دەستوبردی |
چونکە ئاوارە و وچانم نییە | حەز ئەکەم بڵێم دەردەکەت چییە |
هەروەها سەودای دەردەدارانم | هاوەڵی مات و لێو بەبارانم! |
وەڵامی گوڵ | |
ئەی برای کوردی بە خۆت نەزانیو | خۆشی لە دڵی هۆزا قەت نەدیو |
مەپرسە بۆچی کز و داماوم | بۆچی وەک هەتیو نییە هەناوم |
مادام سوێندت دام بە خوای گەورە | وەڵامت ئەدەم هەر چەندە جەورە |
من خۆ لە ئازەل سوورەگوڵ نەبووم | یاری ئاوازەی هیچ بولبول نەبووم |
تۆزە خۆڵێک بووم لە کوردستانا | لەژێر درەخت و بەفری کوێستانا |
زستانان بەفر جوان ئەیپاراستم | هاوینان شەماڵ خۆشیی ئەخواستم |
بەڵام ئەژدادت لەسەر نیشتمان | خۆیان بەخت ئەکرد دایم بێوچان |
هیچ دەربەست نەبوون بۆ خواردنی نان | وەک ئێستا هەوڵیان نەبوو بۆ گیرفان |
هەموویان سەربەست وەکوو نەڕەشێر | دەنگیان ئەدا گشت ئازا و دلێر |
گەر بهاتایە و پێی پیسی دوژمن | بکەوتایە سەر تۆسقاڵەکەی من |
هەموویان سنگیان قەڵغان و چەک بوو | دەستیان بەرامبەر وەکوو کوتەک بوو |
جاری وا هەبوو لە شەڕی بەتین | ئەکەوتنە سەر یەک لاشەیان چینچین |
خوێنی ناو لەشیان بەوێنەی لافاو | ئەڕژایە سەر من زۆرترین لە ئاو |
منیش کە ئاوم بە خوێنە درا | چەشتم خوێناوی خاوەن و برا |
سەوز بووم لەگەڵ سووریی ئەو خوێنە | نیشانەی سوورم تۆڵەستێنە |
بۆیە هاتمە دەر کە لەبەر چاو بم | لەسەر ڕێی خێڵ و لاوانی ناو بم |
بۆ ئەوەی کاتێ هاتنە ئەو ناوە | بێتەوە یادتان خوێنە و ڕژاوە |
خوێنی جگەری باوک و باپیرتان | ئیتر کوردینە خۆتان و شیرتان |
هەرچەند خۆم نواند وەکوو ئاڵای سوور | ئەشەکامەوە بە ئاوات لە دوور |
بەڵام داخەکەم تا ئێستا هەروا | کەس نییە مافی سووریم دەربخا |
منیش لەتاوا هەر بە دڵپەستی | تا بانگەوازی ڕۆژی سەربەستی |
هەروا مەلوول و مات و داماوم | وەکوو خاوەنم دیلی ناو داوم |
ئێوەش گەر ئازان مەپرسن لە دەرد | کاتی کۆششە ئەی هۆزی نەبەرد |
وەک باو و باپیرتان هەر بە هاشاوڵ | بۆ نیشتمانتان ببنە یاساوڵ |
بمگەشێننەوە بە مێژووی مادی | بمکەن بە گوڵی ڕۆژی ئازادی |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|