مازوو چنین لە لادێ
Appearance
| ژینی لادێ سەیرانە | گەرچی تۆزێ گرانە |
| ڕۆژی نەورۆز ئەوەڵ ساڵ | دەکەونە ئیش کوڕ و کاڵ |
| یا جووت یا جۆگە هێنان | بۆ ئاو داشتن دەغڵ و دان |
| یا دار بڕینی شاخە | یاخۆ پەرژینی باخە |
| یا نوتنە یا درەو | ناوەستن بە ڕۆژ و شەو |
| یا گێرە یا شەن کردن | هەڵمەت بۆ فەرمان بردن |
| فەرقی نییە نێر و مێ | هەرچی دانیشتووە لە دێ |
| هەموو خەریک فرمانن | بەدەس هێنانی نانن |
| تا تەواو ئەبێ هاوین | تێ ئەکۆشن زۆر بە تین |
| بەینێ لەویا بەتاڵن | خەریکی ئیشی ماڵن |
| تیرەک لێدان، گڵەبان | کۆڵان گرتن بە تەیمان |
| کە ئیش ڕووی کردە تەواو | کۆ ئەبنۆ لە حەوز و ئاو |
| چەن داری بی لای مزگەوت | هەندێ ڕاس و هەندێ چەوت |
| بۆ سێبەر نێژڕاوە | سەکۆی لە بن کراوە |
| ئەهلی دێ کە زۆر و کەم | لەسەر سەکۆ ئەبن جەم |
| تاوێ شەڕە ئاو پرژێن | بەگاڵتەوە شەڕە جوێن |
| تاوێ باسی ژن هێنان | تاوێ تاریف دەغڵ و دان |
| دوو سێ ڕۆژی بەمجۆرە | بە گۆرانی و بە هۆرە |
| ڕائەبوێرن بە شادی | گاگا بیری ئازادی |
| گا تەکبیری جووتیاری | گاگا خەمی هەژاری |
| پیران بە سەبیل کێشان | باسی سۆفی و دەروێشان |
| باسی ژینی ناڕەحەت | باسی قەبر و قیامەت |
| مام خوا کەرەم دنیا دیو | بانگ ئەکا هەتیو مەتیو |
| بۆچی هێندە مناڵن؟ | هەتاکوو کەی لە ماڵن؟ |
| بەراوردم تەواوە | تەقەی مازوو شکاوە |
| کێتان کوڕی مەیدانە | یاڵڵا مازوو چنانە |
| لەویا دەسەی کوڕ و کاڵ | ڕائەکەنۆ ڕووەو ماڵ |
| بانگ ئەکەن لە یەکتری | بۆچی خۆت ڕائەگری؟ |
| خۆت گورجۆ کە دەس و برد | مام خواکەرەم بانگی کرد |
| ئەوە کەوشی دڕاوە | لە ماڵا توڕی داوە |
| ئەگەڕێ، ئەیدۆزێتۆ | بەبەنێ ئەیدوورێتۆ |
| ئاوایی ئەیکەن بە قاو | قیڕەی مناڵ دەنگی پیاو |
| ئەوەی کە مازوو چن بێ | پیاو بێ وەیا خۆ ژن بێ |
| چارەکەی کۆڵی دایکی | یا کراسە کۆنەی باوکی |
| ئەگەن بە چارەکەی نان | ئەوسا هەڵ ئەگرن گۆچان |
| ئەوەڵ ڕۆژ و ئاخر شەو | پۆل ئەبەسن وەکوو کەو |
| لەناو شەخسی پەنا ماڵ | هەر لە گەورە تا مناڵ |
| لە ڕێی یەک ڕائەوەسن | هەموو کۆمەڵ ئەبەسن |
| ئەمجا ئەدەن بەهەردا | بە شاخ و داخ و زەردا |
| یەکێ دەوەن یەکێ دار | یا لەبەر ڕۆژ یا نزار |
| یەکێ ئەچێتە سەر دار | یەکێ لە دار دێتە خوار |
| یەکێ بۆ دار ڕائەکا | یەکێ باخەڵ دائەکا |
| جار جارێ ئەقوولێنن | دورا و دوور یەک ئەدوێنن |
| قوولە و گۆرانی و هۆرە | لێیان ئەبێ بە نۆرە |
| کە ڕۆژ گەیشتە چێشتنگاو | دەس ئەکەن بە قیڕە و قاو |
| دێنە خوار لە گشت لاوە | ئەڵێن کاتی سەر ئاوە |
| پۆل پۆل ڕیزە ئەبەسن | تا سەر ڕاناوەسن |
| لەویا هەتا نیو سەعات | نان ئەخۆن بێدەنگ و مات |
| ئەمجا یەکێ هەڵەدەو | تێئەچریکێنێ وەک کەو |
| کڵاوی لار دائەنێ | بە دنیا پێئەکەنێ |
| ئەڵێ بۆ ئاخری ئەمرن | هەتیو هەستن دەس بگرن |
| ئاوازی لێ هەڵ ئەبڕێ | ڕۆحی عاشقان ئەبڕێ |
| لەویا گشت ڕائەپەڕن | لە جێیەکا دەس ئەگرن |
| تەقلە چڵکن ڕانک شڕ | لەویا ئەیکەن بە سمڕ |
| یەک گەنجێکی باڵا جوان | سەرچۆپی ئەگرێ بۆیان |
| دەسە سڕی ئاڵ بە دەس | هەڵ ئەسووڕێنێ سەرمەس |
| نە زیاد ئەڕۆن و نەکەم | هەڵ ئەپەڕن بەبێ خەم |
| کچیش هەموو لەولاوە | بەڕیزە ڕێک وەستاوە |
| کراس مۆر و سوخمە زەرد | کەوای ئاڵ ڕوومەت بێگەرد |
| هەر یەک دڵی لە لایە | بۆ خۆی خەریک سەودایە |
| جار جارێ گۆرانیبێژ | گەنم ڕەنگێکی درێژ |
| سەری وەرئەچەرخێنێ | ڕیزی کچان ئەدوێنێ |
| دڵی هەر لە لا یارە تەواوە | تەواو بێ ئیختییارە |
| سەر چۆپی کێش ساحب یار | خۆی ئەلەرێنێ جار جار |
| هەر چۆن یاری ئەبینێ | وەختە خۆی بپڕووکێنێ |
| لەسەرچۆپی تا گاوان | ئەکەونە هەلە داوان |
| نازانن دنیا چۆنە | چۆنە ئەم چەرخە کۆنە |
| سەرچۆپی هەردوو دەستە | یەک بۆ یەکتری مەستە |
| تێکەڵ ئەبن کچ و کوڕ | بە چەشنی مێخەک و دوڕ |
| دەس ئەگرن بە تێکەڵاو | کچی شۆخ و کوڕی لاو |
| کچان کە جنسی نەرمن | تۆزقاڵەیێ بەشەرمن |
| لەویا شەرم نامێنێ | هەموو کەس خۆی ئەنوێنێ |
| تەقەی چەپڵە و هاژەی نەی | لەرەی مەمکەی چەشنی بەی |
| بۆنی مێخەک و سمڵ | ئەدا لە ناو پەڕەی دڵ |
| کاتێ کە کچ مانوو بوو | دەس بەر ئەدەن بۆ پشوو |
| یەکێ ئەڵێ ئای دێرە | با بڕین چیکەین لێرە؟ |
| کۆڵمان قورس و سەنگینە | وا ئیشمان پێکەنینە |
| دووبارە چەشنی کەوباڕ | ئاژین ئەبن لە نزار |
| تف لەدەس و لە گۆچان | ئەچینۆ سەر ئیش و فرمان |
| ڕووەوماڵ بە دارە دار | ئەسوڕێنۆ تا ئێوار |
| پێش ئەوە تاریک دابێ | ئەگەنۆ نزیکی دێ |
| یەکێ گەڵا یەکێ دار | یا دولق یا پیلەوار |
| ئەیبەن بۆ پێویستی ماڵ | ئاوایە ژیانی ساڵ؟ |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|