لە دیتنی خشتێکدا

From Wikisource
Jump to navigation Jump to search
لە دیتنی خشتێکدا  (1965) 
by قانع
ڕۆژێ لە ڕۆژان بێکار و بەتاڵ ئاسوودە و ڕەحەت لە نەبوونی ماڵ
بێ یار و یاوەر، بێ برا و هاودەم بێ ڕەفیقی ڕۆژ، دەروون پڕ لە غەم
پاڵ دام وە سەرین حەریری گوڵڕەنگ بیر دام وە کردار چەرخی شەوەزەنگ
نواڕیم زەمزەمەی جاران کۆتایە بنچینەی شادی، گەردی بە بایە
مزگەوت بێ ڕەونەق، دیوەخان وێران ئاوایی بێ شەوق، نۆکەر سەرگەردان
بێ ناز کەوتوون دووتەپڵە و دەهۆڵ تانجی بێ سوار، ڕاوگە چۆڵ و هۆڵ
عەشایەر سەرکز، تایەفە بێدەنگ میللەت میللەتان لێوزەرد و بێڕەنگ
وتم چاک وایە تۆشە پەیدا کەم ئیقلیم بگەڕێم سەیری دنیا کەم
هەتا بزانم گەردوونای گەردوون کێی کردوە بە شا، کێی خستوەتە توون
کێ لە ڕەحمەتە و کێ لە زەحمەتە کێ خاوەن شەئن و کێ لە حورمەتە
نەجیب نانەجیب، نانەجیب نەجیب تۆخلی، خاوەن مڵک؛ خاوەن مڵک، غەریب
کەشکۆڵم هەڵگرت عەبام خستە شان زرێ و چوارئایین، ڕەسمی دەروێشان
دەف و قەیارە و دووحاچە و شمشێر مەترەقی چلچل، کڵاوەی دلێر
کەڵپۆس و عەسا، پۆس لەنگی نەکۆڵ قاپ قاپ و دانەی شاخ نەفیلی چۆڵ
جامی چل کلیل، پێنج پەنجەی زەڕین تەختەی سەداقەت، سەد دانەی بەردین
خەرقەی سەدپارە و تاجی گەدایی کوولەکەی فەقر و شێوەی ڕیسوایی
بەیداخی عەشرەت، شەجەرەی شێخان دایەرەی میحنەت، حەمەیاڵی شان
دەلایلی خێر، قورئانی نوورین قوتوو، قەڵەمدان، ئەسپابی نووسین
هەم سەفەرنامە و بەیاز و دەفتەر بەرد و بەردئەستێ، ئەساسەی سەفەر
بە سەعاتێ خاس، ڕۆژێ موبارەک نیوەڕۆی جومعە گرتم تەدارەک
گا بە کەیفخۆشی، گاهێ بە گریان گا بە سۆزی دڵ، گۆرانی شێخان
گا شێعری شیرین، شێخی مەولەوی گا گوریزی حەق، مەولای مەسنەوی
گا ڕوو بە مەقسەد، گا بۆ دواوە گا دەم بە خەندە، دەس بە دۆعاوە
بەم نەوعە چەن ساڵ خەریک سەیران بووم گا گا لە دێهات، گا لە شاران بووم
چەن چۆڵم تەی کرد، چەن دێ و چەن شاران چەن مەنزڵگای شەو، لە بەر موغاران
چەن تەماشای تاق برۆی سێوەنگی چەن قەرەزوڵفان وەک ماری جەنگی
چەن تاقی زەڕباف، چەن گێلگێلەی سوور چەن کوڵمی بێ غەش، ساف وێنەی بلوور
چەن گەورەکچان غەزاڵی سەرمەست چەن هەرزەکاران، دەمانچە بە دەست
چەن دێی وێرانە، چەن دێی ئاوەدان چەن قەڵای کۆنی دەسەڵاتداران
ناگاە لە تەقدیر خوای لامەکان ڕێم کەوتە چۆڵێ، دەشت و بیابان
نە دار بوو، نە ئاو، نە پووش، نە گیا غەیری زاتی پاک خۆم تاقی تەنیا
خەیلێ تێفکرام نیگام کرد لە دوور کەوتە بەر چاوم لەتە خشتێ سوور
لە دیتن ئەو خشت گەلێک عەجەب مام خشتم بەرزۆ کرد بە سەد ئیحتیرام
وتم یا کەریم «علّام الغيوب» ڕەحمان و ڕەحیم، «غافر الذنوب»
ئەمە هی کێ بێ؟ کێ دروستی کرد؟ کێ نایە چین ماڵ؟ کێ لە دوای مرد؟
کێ خستیە قاڵب؟ کێ شێلای بە ئاو؟ کێ نایە کوورەی بڵێسەی بەتاو؟
کام بەنای ژیری چەرخی ڕۆژگار نایە دیواری کام کۆشک و تەلار؟
بە فەرمانی خوا هاتە گفتوگۆ وتی ئەی قانع! گێلی ڕەنجەڕۆ
هەرچی ئەپرسی بێ کەم و زیاد بۆت بەیان ئەکەم زۆر بە خاترشاد
من خاکی کەللەی گەلێ پادشاهم پادشای بێباک، حیشمەت نیگاهم
ئەووەڵ ئەسکەندەر، شاهی زولقەڕنەین دووەم شاعەباس، سێهەم شاحسەین
چوارەم کەیقوباد، پادشای کەیان ڕەشید و سەخی، خاوەن سفرە و خوان
پێنجەم شای میسر، عەزیزی مەرغووب خڕیداری پاک یۆسفی یەعقووب
شەشەم کەیومەرس، حەوتەم نەوشیروان ئیحیاکونەندەی بنچینەی کوردان
هەشتەم ئاردەشێر پاشای ساسانی نۆهەم ئەردەوان گەورەی ئەشکانی
دەهەمین، نەمروود ئاشووری نەژاد پادشای بێ دین، دوور لە حەق و داد
نۆبەیان ڕۆیی و دەورەیان تەواو مەغزیان لەگەل خاکا تێکەڵاو
زەڕڕە زەڕڕە بوون، بوون بە غوبارێ کەللەی هەر پاشا کەوتە دیارێ
بە ئەمری خوا پادشای بێ عەیب شەماڵ هەڵیکرد لە کارخانەی غەیب
لە خاکی هەر یەک تۆزێکی هانی تێکەڵی کردن زۆر بە ئاسانی
لە تەقدیری حەق خوای لایەنام لەو تێکەڵبوونە من دروست کرام
سەد ساڵ لەسەریەک من خشتی کاڵ بووم لە خوتەن زەمین، بنەڕەت ماڵ بووم
من بوومۆ بە خاک هەروەک ئەوەڵ جار بە ئیزنی بێچوون پادشای غەففار
لە دوای ئەو ماڵە کرام بە ئاجوور نرامە دیوار قەڵای سەلم و توور
هەتا سەلم و توور تەواو بەرباد بوون لە بازیچەی چەرخ میحنەت ئازاد بوون
ئێستە یادگار شاهانی دەورەم لەم بیابانە پڕ جەفا و جەورەم
زانیم ئەم دنیا بێ بەقا و بەینە قاتڵی هەزار ئیمام حسەینە
کوانێ دیاکۆی شاری هەمەدان؟ کوانێ ڕۆستەمی دەشت مازندەران؟
کوانێ ئەفراسیاب، کوا خاقانی چین؟ کوا پاڵەوانان لە سەر ڕووی زەمین؟
کوانێ فەرهادی هونەرمەندی کورد؟ کە لە ڕێی عیشقا ڕۆحی فیدا کرد
حاڵی من وا بوو ئەوەڵ تا ئەنجام عەرزم تەواو بوو باقی وەسسەلام

This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:

  • It is an anonymous work or pseudonymous work and 50 years have passed since the year of its publication
  • It is a work where the copyright holder is a legal entity or a work of applied art and 50 years have passed since the year of its publication
  • It is a photographic or cinematic work that is not compositive (artistic in nature) first published before 1 January 1999
  • It is work published in Iraq before 1 January 1954, and the author died before 1 January 1979
  • It is another kind of work, and 50 years have passed since the year of death of the author (or last-surviving author)
  • It is one of "collections of official documents, such as texts of international laws, regulations and agreements, judicial judgements and various official documents."
  • It is the work of a body corporate, public or private, published by January 1st, 1980 (Article 20, 1971 law).

Public domainPublic domainfalsefalse