لە خەوما/پەردەیێکی تر

From Wikisource
Jump to navigation Jump to search
لە خەوما  (1925)  by جەمیل سائیب
پەردەیێکی تر

مایەوە خۆی و کابرای سمێڵفش و کابرای کە سەر لەبەیانی منی لەگەڵ خۆی هێنایە ژوورەوە (دان ئاڵتوون) گەورەکە هەستا بە ژوورەکەدا تۆزێک سووڕایەوە، بیرێکی کردەوە وتی: ئەمیشمان وا، ئەوانیش وتیان: بەڵێ. ئەویش پێ کەنی و وتی: کوڕە بەخوا من گاڵتەم بەمانە دێت، ئەوانیش وتیان سەری تۆ خۆش بێت ئینشاڵڵا هەموو شتێک چاک ئەبێ (وەکو چاکیەتیی دنیا بەسترابێت بەسەری ئەوەوە). لە پاشا گوێم گرت لە دەرەوە هەراهەرا و دەنگەدەنگ پەیدا بوو، گرموهۆڕ و قاووقیژ، وتم: ئاخۆ ئەمە چی بێت! ڕوانیم دەرگاکە کرایەوە، چەند کەسێک هاتنە ژوورەوە، بەعزێک بەعەبای ماویی شین و فەقیانەی سپیی درێژ، سەر و پێچی زل، گوڵنکەی چەفتە هاتۆتە خوارەوە، کاکۆل بەلای ملیاندا شۆڕ بووەتەوە، لە خەنە و وەسمەدا مۆر بووە. بەعزێکی تر شەرواڵ و مرادخانییان لەبەر کردبوو، پشتێنی شاڵیان بەستبوو، چەفتە و مشکیی زۆریان تێک ئاڵاندبوو، هەموو چوار ڕیز و پێنج ڕیز فیشەکیان لە خۆیان دابوو، خەنجەر و دەمانچە بەقەدەوە، هاتن دانیشتن دەستیان کرد بەقسەی هەلەقومەلەق، یەکێک ئەیکوشت، یەکێک ئەیبڕی، ئیتر مەپرسە لەبەر خۆمەوە وتم ولولولولولو... ئەم دەعبایانە ئێستا دنیا ئەڕووخێنن، یەکێک دەستی خستبووە سەر مشتووی خەنجەر، یەکێک دەستی بەدەستکی دەمانچەوە، شایان بەسەپانی خۆیان نەئەزانی.

وردە وردە کەوتنە قسە و گفتوگۆ، لە پاش چەند قسەیەک گەورەکەش گورجوگۆڵ فیکری گۆڕا و هاتە سەر قسەی ئەوان، کەوتنە سەر باسی ئیدارە و سیاسەت و حکوومەت، بەم نەوعە قسانە کردیان بەقیڕە و هەرا وەک حەمامی ژنان بوو بەقاووقیژ کەس نەیئەزانی ئەڵێ چی، هەر کەسە لەبەر خۆیەوە قسەی ئەکرد. وتیان: ئێمە هەموو بۆچی چاکین بەکەڵکی چی دێین، ئەمە چەند ساڵە عومرمان ڕابواردووە، ئیتر ژیانمان بۆچییە نامانەوێ، یان ئەبێ هەر خۆمان بین، جارێکی تر خۆمان ناکەین بەژنی کەس، هەر سەری تۆمان بۆ خۆش بێ، ئیتر چاومان لە کەس نییە، بەخوا نەتورک و نەئینگلیز نایەڵن بەرەحەتی و سەربەستی دانیشین، تورک بێ (مەمەد ئۆغلی)یەکانیان (أیشک کەرەتە و هەریف)مان لێ ئەهێننە پێشەوە، هەر نایەڵن چاومان بکەینەوە، بەسەر و ماڵمانەوە بەشی ئیعانە و موبایەعە و ئیعدامی ئەوان ناکەین. ئینگلیز بێن شەبقە بەسەر، سەبیلێک ئەگرن بەلای دەمیانەوە، ساحێب ساحێب، ئەبێ تەشییان لەبەردا بڕێسین. فەکن فەکنمان لێ دائەنێن، کەسمان ناتوانین پەل ببزێوین، کەوابوو نەوەڵڵا هیچمان ناوێ، هەر خۆمان بین و ئەبێ هەر خۆمان بین و دەستی کەسمان بەسەرەوە نەبێ. یەکێک لەلای خوارەوە وەستابوو وتی باشە ئێمەیش هەموو پێمان خۆشە کە هەر خۆمان بین و دەستی کەسمان بەسەرەوە نەبێت، بەڵام ئێستا ئێمە خۆبەخۆیی خۆمان ئیدارە ناکەین و خۆمان پێ بەخێو ناکرێ، حکوومەتێکی گەورە لازمە یارمەتیمان بدا و چاودێریمان بکات، ئەگینا زەحمەتە، هەر لەملاولاوە قوتمان ئەدەن و ئەمانخۆن. ئەوانیش وتیان کەس ناتوانێ بمانخوا، خوا یار بێ، تورک بێ، ئینگلیز بێ هەر کامێکیان پەلامارمان بدەن کڵاوکڵاوێنەیان پێ ئەکەین، هێشتا ئەوان شێری جەنگەڵی کوردستانیان نەدیوە، تەیارە و تۆپ و مەترالیۆزی ئەوان لای ئێمە پەشمن، ئێمە خزمەتکاریی کەس ناکەین، سەری ئەمەمان بۆ خۆش بێ (ئەمووستیان بۆ گەورەکە ڕاکێشا)، بەهیمەتی مشایەخان کارێک ئەکەین لە هەموو دنیادا دەنگ بداتەوە.

ئیتر هەر یەکە لە ئاوازێک لەم چەشنە قسە و هاژوهووژانەیان هەڵڕشت. گەورەکە بەرەبەرە هاتە سەر قسەی ئەوان وتی: بەخوا ئەگەر (بەد)ی ناو خۆمان لێمان گەڕێن، ئێمە بۆ خۆمان زۆر چاک ئەژین، ئەگەر دنیا ببێت بەئاگری سوور ئیدارە ئەکەین. من قەترەیەک خوێنم هەیە بۆ ئەم ئیشە ئەیڕێژم یان ئەوی بمانەوێ ئەیسێنم. ئەوانیش هەموو لە خۆشیاندا کەوتنە جووڵەجووڵ وتیان: قسە هەزارە و دووانی بەکارە، قسەی ڕاست و حەق ئەمەیە. هەرچی محەمەدییە محەمەد سەڵاوات، هەر کەس شتێکی ترت عەرز بکات، ئێمە لە کوێ و ئەسیری لە کوێ! ئێمە ئەبێ لە سایەی تۆوە سەربەست بژین، هەرکەس لەگەڵمان ناکات وای بەحاڵی!

لەگەڵ ئەم قسانەدا هەندێکیان جارجار فەقیانە سپێکانیان لێ هەڵئەکرد و قۆڵیان هەڵئەماڵی، هەندێکیان دەستیان بۆ دەمانچەکانیان ئەبرد وەکو دوژمن بەرامبەریان ڕاوەستابێ و پەلامار بدەن، چاویان لێ سوور بووبوو، منیش لە ژوورەوە هەروا وەختە بوو زراوم بچێ، وتم ئێستا پەلاماری دار و بەرد ئەدەن و ئەیکەن بەهەرا.

خولاسە، ئاخری هەموویان قەراری ئەوەیان دا کە هیچ حکوومەتێک قەبوڵ ناکەن! هەر خۆیان بن. بەم ڕەنگە قەرار درا و ئەوانیش هەڵسان و ڕۆیشتن. گەورەکە زۆری پێ خۆش بوو، لە پاش ڕۆیشتنی ئەوان مایەوە خۆی و کابرای سمێڵفش کە لە ئەوەڵی هەموو مەجلیسەوە دانیشتبوو (کە ئەویش وا دەرئەکەوت ئەم قەرارەی ئاخری لە هەموو قەرارەکانی تر لا باشتر بوو) و کابرای کە سەر لە بەیانی منی لە دەرەوە هێنایە ژوورەوە. سێ بەسێ مانەوە. منیش زۆر سەرم لەم حاڵە سووڕمایەوە، هەروا تاس ئەیبردمەوە، لەبەر خۆمەوە ئەموت: یاڕەبی ئەمە چییە و ئەم کابرایە چ ئینسانێکە، کە هەر لە زەرفی سێ سەعاتدا، بەچەند چەشن گۆڕا و بۆچی تۆزێک تێگەیشتن و لێکدانەوەی نییە، ئەمانە هەموو بەلاوە باش بوو لەگەڵ هەموویان قەراری دا و لە پاش نەختێک لە هەموویان پاشگەز بووەوە. لە پاشان خۆبەخۆ خۆیان کەوتنە گفتوگۆ و قسە، دوایی گەورەکە وتی: ئەم قسانە هەموو بەلامەوە پەشمن و گاڵتەم پێیان دێت، من بۆچی بۆ ئەم خەڵکەی خۆم تووشی ئەزیەت و دەردەسەری بکەم، ئەوی قازانج و خێری خۆمی تیا نەبێ نایکەم، من هەتا پارەیەکی زۆر نەخەمە سەر یەک و لە بابەت و ئیشوکاری خۆمەوە دڵم ڕەحەت نەبێ، ئەمانە هیچیان ناکەم، هەر کەسێک بێت بەهەوەسی خۆی، بۆ قازانج و کاروباری خۆی قسەیەک بکات، بۆچی من شێتم، مناڵم، هەروا شوێنان بکەوم و بەقسەیان بکەم. ئەگەر لێم بگەڕێن هەتا ئیشی خۆم، وەکو خۆم ئەیزانم جێبەجێ بکەم ئەوا باشە، ئەگینا من خۆم ئەزانم چی ئەکەم.

ئەوانەی لە خزمەتیا بوون وتیان: بەخوا ڕاست ئەفەرمووی، تۆ مەجبووریەتت چییە، خۆت بۆ ئەم خەڵقە تووشی زەحمەت و ناڕەحەتی ئەکەیت، ئەمانە بەچ کەڵکێکی تۆ دێن، مەسڵەحەتی خۆت چۆنە وای بکە، بەقسەی ئەم و ئەو مەکە، ئەمانە هیچیان خێرخواهی تۆ نین! ئیتر من لەم وەختەدا، نەهۆشم لەسەر خۆم ما، نەشعوور، بەبێ ئەمەی بزانم من چیم و لە کوێم، لە خۆمەوە بێ ئیختیار دەستم کرد بەقاقای پێکەنین، پێکەنینێکی وا کە لەو دیوەوە هەموو ڕاچەڵەکینو ڕاپەڕین و سەیری یەکتریان ئەکرد، ئەمە چییە و ئەوە چی بوو. گەورەکە تووڕە بوو، چاوە شینەکانی دەرپەڕی و وتی: ئەوە کێ بوو. دوایی کابرای دان ئاڵتون وتی: قوربان ئەوە کابرای حەپسەکەیە کە لەسەر جاسووسیەت گیراوە، خۆت فەرمووت لە ژوورەوە دایبنێن. ئەویش زۆر بەتووڕەیییەوە دەستەکانی ڕاوەشاند و وتی: حای، حای. بەخوا باشە، کەوابوو ئاگای لەم هەموو قسە و مزاکەرانەی ئێمە بووە، تەواوە، ئەمە جاسووسە، جاسووس لەمە چاکتر چۆن ئەبێ، ئیتر هەستا و دەرپەڕیە دەرەوە، بوو بەهەرا و بگرەوبەردە، خۆیان و بەردەستەکانیان پێکا ئەهاتن، کەس نەیئەزانی چییە و چی ئەکات. منیش ترسام، وتم: ئای چیم کرد بەخۆم، بۆچی وام کرد. ئادەی ئەو جاسووسە بێننە دەرەوە. ئەوەندەم زانی دەرگا کرایەوە، یەک دوو زەبەلاح هاتن و بەپەلکێشان ڕایان فڕاندمە دەرەوە. ڕوانیم گەورەکە هەردوو چاوی دەرپەڕیوەتە دەرەوە و سوور و مۆر بووەتەوە، ئاگری لێ ئەبارێ. لە دڵی خۆما وتم: یا حافیز، یا ئەڵڵا، بۆم بکەیت بمپارێزی لە غەزەبی ئەم پیاوە!

لەگەڵ قیژاندی بەسەرما وتی: ڕاستی بڵی تۆ جاسووسی کێیت و کێ تۆی ناردووە؟ زوو ڕاستی بڵێ، ئەگینا ئێستا بەدار پارچە پارچەت ئەکەم! منیش شڵەژام، هەر نەمزانی بڵێم چی، وتی درەنگە ڕاستی بڵێ، منجەمنج مەکە. ئادەی دار بێنن، ئەو وتی ئادەی دار بێنن من هەموو لەشم هاتە لەرزین، وتم: قوربان بەخوا، بەو خوایەی باوەڕت پێی هەیە، من جاسووس نیم و ئاگام لە جاسووسی نییە، لای خۆم هاتمە ئێرە کاسبی بکەم، پیاوێکی هەژار و بێدەسەڵاتم، بۆ خاتری خوا ناهەقیم لێ مەکەن، خوا هەڵناگرێ.

هەر ئەوەندەم وت: وەکو شێت شاڵاوی بۆ هێنام و پەلامارێکی دام وەختەبوو قووتم بدا، دانەکانی لێ بردم بەڕیچا وتی: ئەی جاسووس نیت چی ئەکەی لەو ژوورەدا، دیارە هاتووی قسەکانی ئێمە بەریتەوە، وتم: قوربان خۆ من بەهەوەسی خۆم نەچوومەتە ئەو ژوورە، بەئەمری خۆت خراومەتە ئەوێ، من دەسەڵاتم چییە. ئەمجار دەستی هەڵهێنایەوە بەهەموو هێز و قووەتی خۆی شەپازللەیەکی لێ دام، شریخەکەی دەنگی دایەوە، هەردوو چاوم لە عەزرەتدا بروسکاندی، سەرم کەوت بەدیوارەکەدا وتی: بەڵێ، بەڵێ جاسووس نیت بەهەوەسی خۆت نەچوویتە ئەو ژوورە، بەڵێ جاسووس نیت! ئا ڕای کێشنە خوارەوە بۆم تا نیشانی بدەم جاسووس چۆن ئەبێ. ئیتر دوژمنی ئیمانت بێ، هەر ئەوەندەم زانی سەگ و گورگی جەهەننەم، پێنج شەشێ ڕایان کێشام لە پێپیلکانەکان بردمیانە خوارەوە بۆ حەوشەکە. شەویش کردبووی بەسایقە کزەبایەکی ساردی ئەهات، عەرزەکە بەستبووی، تەقەتەقی سەهۆڵەکە، سەرمایەکی وا تف هەڵدەی ئەیبەستێ! ڕووم کردە عاسمان وتم: خوایە تۆ لەسەر حەقی، ئەمانە وا بەناحەق وا بەمن ئەکەن! بەڵام هیچ سوودی نەبوو، کڕووزانەوەی من هیچ نەگەیشتە جێی خۆی. ئیتر وەک مەڕی قەساب بەسێ چوارێک گرتمیان، بەسەردەما بەسەر ئەو سەهۆڵەدا ڕایان کێشام، وام ئەزانی سەرم ئەبڕن. ئیتر لە دڵی خۆمدا بەتەمای خۆم نەمام وتم: ئینا لیلا، تەسلیمی قەزا و قەدەر بووم. وتم: ئیتر هیچ چارەم نەما، دەسەڵاتم چییە و چی بکەم، وا ئەم زاڵم و بێ دین و بێ وجدانانە هەر ئەمکوژن، خوا حەقم بسێنێ.

ئیتر یەکێک نیشتە سەر قاچم، یەکێکی تر بەسەر شانمەوە دایان مرکاندم و دامیان بەعەردەکەدا، لە پەلوپۆیان خستم، چرچەم بۆ نەکرا، من زاتەن ئەوەندەم هێز تیا نەمابوو کە پەل بجوڵێنم، یاخوا قەت نەیبینی! شڵپوهۆڕ خۆی بەدار دای گرتم بەتوڕەیی و غەزەبەوە، ئەوەڵ دار کە دای وەشاند، وامزانی شیرێکی تیژە ئەیکەن بەلەشما! دامە زریکە و هاوار، من هاوار ئەکەم ئەو زیاتر دار ئەوەشێنێ.

من لە ژێرەوە وەک گا ئەبۆڕێنم، جووڵەم بۆ نەدەکرا، چونکە سوارم بووبوون، دەنگم دەرنەدەهات، ئەپاڕامەوە ئەلاڵامەوە: بۆ خوا، بۆ پێغەمبەر، تو ئەسحابان، تو مەلائیکان و ئەولیا، تۆ قورئان، تۆ قەبری باوکت، هاوار، داد، هاوار، هیچ سوودێکی نەبوو، هێزم لێ بڕابوو، ئەو هەر ئەیوت ڕاستی بڵێ. پڕ بەدەم ئەم قیژان بەخوا جاسووس نیم، هیچ نازانم، ڕاستی چی بڵێم ئیتر، هیچ و هیچ...