لە تەئریخ پرسە کە ڕابوردووە
Appearance
| لە تەئریخ پرسە کە ڕابوردووە | هەر دانە بەردێ جێی مەردێ بووە |
| تۆیش بگەیتە سەر ئەو دانە بەردە | شەخسی خۆت لە لا مەردی نەبەردە |
| بەڵام بە خوویێک ئەکەویە خوارێ | ئەبی بە پەندی گشت هەرزەکارێ |
| ئەتەوێ دڵت نەخەیتە لەرزە | مەچۆرە سەر ئەو دەندووکە بەرزە |
| لە تەک کەسێکا ئەوا دانیشتووی | بە چاو ئەیبینی و لە گەڵیا ئەدووی |
| کە دوور کەوتیەوە لە پێش چاوی ئەو | ئەو دیدەنییەت لا ئەبێ بە خەو |
| خۆ ئەگەر دووری بوو بە مانگ و ساڵ | وەک دیم و نەدیم ئەبێ بە خەیاڵ |
| ئەمە ئەحواڵی دونیاکەمانە | هەرچی کە بتبێ ئاخری نەمانە |
| کەچی پێی خەڕۆین ئەڵێن تا سەرە | جا وەرە لەگەڵ خەڵکا دەربەرە |
| چەند خۆشە ئینسان ئەمە بزانێ | هەر وەک سینەما لە دوور بڕوانێ |
| بە شیعر و بادە غەم بدا بە باد | بە دنیا بڵێ: بڕۆ بێ بنیاد |
| هەندێ کەس بە شیعر سەریان ئەئاوسێ | سیسرک بۆنی گوڵ بکا، ئەتاسێ |
| مر هات لاسایی قازی کردەوە | هێلکەی زلی کرد کەچی بووردەوە |
| ئێستا پاییزە و سەیران بوارە | ئەرخوان سوور بوو ئەڵێن بەهارە |
| قەومێ قەلەڕەش بکا بە پێشڕەو | ڕۆژی وەک باڵی قەل دەبێ بە شەو |
| من خۆم پەروەردەی دەهۆڵ و زۆڕنام | لە ئینجە سازی دنیا تەوەللام |
| بەڵام هیچ وەختێ لەگەڵ زەڕەی کەر | هەڵکردم نابێ بۆم ناچێتە سەر |
| ئێستا وا ڕێمان لێ بوو بە دوو ڕێ | یەکێ بۆ عاممە، ئەوی تر بۆ کێ |
ڕۆژنامەی ژیان، ژمارە 540 و 127
1937/10/04
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|