لە بێشەڵانی سەر لووتکەی شاخێ
Appearance
لە بێشەڵانی سەر لووتکەی شاخێ | لە شادی هەڵمدابوو بەیداخێ |
جێیەک بوو کۆنە ئێڵاخی شاهان | ئاوەڵی هەوری بەرزی ئاسمان |
ئاوی وەک چاوی قرژاڵ ڕووناک بوو | دەرمانی دڵی تەنگ و غەمناک بوو |
بریسک و هوڕڕی هەروەک مرواری | بەنرخ بوو بەڵام کەم بوو کڕیاری |
بۆنی کەنێرە و گوڵەبەڕۆنە | هەنگی کێش ئەکرد لە دوور بەو بۆنە |
بەیان لە دەنگی مەلی ناو نزار | لە خەو هەڵئەستام گوێم ئەگرت زۆر جار |
نە ساز و سەمتوور نە عوود و کەمان | خۆشییەکی وای نەئەدا بە گیان |
بای شەماڵ فێنک ئەهات بەرەو ڕووم | زۆر بۆنی خۆشی ئەسوو لە کەپووم |
لە دامێنەوە چەم و چغورد بوو | ڕێبازی جاف و گۆران و کورد بوو |
جگە لەوانەش کە مانگ هەڵ ئەهات | بە پرشنگی نوور ئەیکردم خەڵات |
سەرم بە وێنەی قوتووی وێنەگر | ئەو دیمەنانەی ئەگرت کوتوپڕ |
لەناو شۆراوی قوڵکەی چاومدا | ئەیشتنەوانێ تا خۆی دەرئەدا |
بە شەو یەک بە یەک ئەیخستە بەرچاو | شەویش بەوانە دڵ ئەکەوتە داو |
لەوێ بەتەنیا کە دوورە شار بووم | بۆ خۆم ئاسوودە زۆر بەختیار بووم |
ڕۆژێک کە ڕوانیم کچێک چواردە ساڵ | هاتە لام دانیشت بۆم بوو بە ئاواڵ |
بە قسەی شیرین بە عیشوەداری | خستمیە گێژی دەریای دڵداری |
دوو هاوڕێی دۆست و دوو یاری گیانی | کەوتینە سەیران بە شادمانی |
دڵپاک بێ کینە لە گوڵ ڕەنگین تر | ڕەوشتی لە خۆی زیاتر شیرینتر |
بە شۆخوشەنگی بە چاوی بادام | دڵەی هەژار و بێ هۆشی بادام |
بەڵێ لەپێشا هەرچەند تەنیا بووم | بە ڕاستی خاوەن سەیر و سەفا بووم |
کە ئەو هات ئێجگار دڵشادی کردم | لە تەنیایی ژین ئازادی کردم |
بە شەو دائەنیشت لە ژوور سەرینم | خوا خوام بوو نەڕوا یاری شیرینم |
بەیانێک بێ من ڕووی کردە ناودێ | هەر چاوەڕوان بووم بێتەوە لەوێ |
بەڵام ڕۆژ ڕابوورد شەوی سەختم بوو | بە شەو هەر دەنگی پەپووی بەختم بوو |
نەگەڕایەوە گیانی شیرینم | سەری خۆم هەڵگرت بچم بیوێنم |
ئەمە چەند ساڵە بۆی سەرگەردانم | لە کوردستانا وێڵی شارانم |
نازانم چووەتە کام دێ کام هەوار | چۆن منی جێ هێشت بە ئێش و ئازار |
تۆ بڵێی یاران بۆ جارێکی تر | یەک بگرینەوە هەردوو کوتوپڕ |
بەڵام داخەکەم خەتا هی ئەو بوو | نایبینمەوە وا بزانم خەو بوو |
1944/11/01
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|