Jump to content

لە بینینی ئاڵادا

From Wikisource
لە بینینی ئاڵادا (1965)
by قانع
306765لە بینینی ئاڵادا1965قانع
سەد شوکور وا من نەمردم تا کە دیم ئاڵای کورد کەوتە بەر چاوم بە بەرزی، سووڕەت و سیمای کورد
باز بوو، دوورابوو دیدەی نەرگسی شەهلای کورد مژدە بێ ئەمڕۆکە بەربوو چاوی پڕ بینای کورد
هەر بژی ئاڵای کورد و پێشەوای زانای کورد
بانگ کەنە ئەڕواحی پاکی ئەردەڵانی نەڕڕەشێر یا بڵێن: کاوە لە کوێی؟ ڕۆژێ هەزار یادت بەخێر
بێننە بەرچاوی خۆتان هەڵمەتی زەندی دلێر هەر بڵێن ئەم شێعرە، ئەهلی کۆهسار و گەرمەسێر
هەر بژی ئاڵای کورد و پێشەوای زانای کورد
چەن زەمانێکە ئەسیر و ژێرچەپۆکەی عالەمن سەرکز و بێ قیمەتی بەرچاوی زادەی ئادەمن
دیلی زیندانی نەزانین، مەستی بادەی ماتەمن بانگ کەنە یەکتر هەمووتان چونکە ئەمڕۆ بێ خەمن
هەر بژی ئاڵای کورد و پێشەوای زانای کورد
پووشی وشکی دەشتەکانم بۆ نەبێ ئەمڕۆ بە گوڵ!؟ چاوی بەدگۆی کوردسانم چۆن نەبارێنێ بە کوڵ
وا شکۆفەی بەختی کوردی بوو بە گوڵ بۆ تاجی چڵ کوردە! تۆ دینت بە جارێ هەر بڵێ ئەمڕۆ بە دڵ
هەر بژی ئاڵای کورد و پێشەوای زانای کورد
قەت لە بیرت دەرنەچێ کوردە، زڕەی زنجیری پێت تۆ تەماشا کە لە دەس بێگانەکان چی هاتە ڕێت!
کوانێ بابی گۆڕغەریب و مامەکەی بێ شوێن و جێت؟ کوردە چون تۆ دڵبرینی، شل کە بۆ ئەم شێعرە گوێت:
هەر بژی ئاڵای کورد و پێشەوای زانای کورد
نەوبەتە، باراش لێکە، ئاشی گێتی کەوتە گەڕ شێر نەترساوە لە بەزم و شۆڕشی مەیدانی شەڕ
گوێ نەدەی هەرگیز بە هاشە و هووشەیی ئەربابی زەڕ هەڵگرە ئەم دەستەشێعرە و دابنێ سەد سەوڵی تەڕ:
هەر بژی ئاڵای کورد و پێشەوای زانای کورد
سەد شوکور وا ئەرزەڕۆم و وان و بتلیس و چەچان دەستی دایە دەستی هەرکی، کوردی زازا و بەبان
شاری خەرپووت و جەزیرە و مەنتیقەی بەرزانییان با بە بەستە و چەپڵە بێژن؛ دەم بەدەم، شام و بەیان:
هەر بژی ئاڵای کورد و پێشەوای زانای کورد
خانەقین مژدەی ئەدا ئەمڕۆ بە دیاربەکر و هەرات: پێچەوانەی دەوری پێشوو ڕۆژ لە شیمالۆ هەڵات
سەیری کە، تیشکی چلۆن ڕووناکی خستە سەر وڵات! ئەم وتارە بیری دڵ بێ، چاکە بۆ ڕێگەی نەجات:
هەر بژی ئاڵای کورد و پێشەوای زانای کورد


This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
  • It is an anonymous work or pseudonymous work and 50 years have passed since the year of its publication
  • It is a work where the copyright holder is a legal entity or a work of applied art and 50 years have passed since the year of its publication
  • It is a photographic or cinematic work that is not compositive (artistic in nature) first published before 1 January 1999
  • It is work published in Iraq before 1 January 1954, and the author died before 1 January 1979
  • It is another kind of work, and 50 years have passed since the year of death of the author (or last-surviving author)
  • It is one of "collections of official documents, such as texts of international laws, regulations and agreements, judicial judgements and various official documents."
  • It is the work of a body corporate, public or private, published by January 1st, 1980 (Article 20, 1971 law).