قەفەزی زێڕین
Appearance
مەلە جوانە خنجیلانە نەشمیلەکەم | ئێسک سووکە خوێن شیرینە وردیلەکەم |
من ئەزانم تۆ بۆ لە دەشتی پەستیدا | دێیت و دەچیت وەکوو لە دەریای مەستیدا |
نوقوم بوویت جێگا بە خۆت قەت ناگری | یا هاتوچۆ یا ڕووت ئەکەی وەیا ئەفڕی |
من دەزانم جێگایەکی وەهات نییە | بە دڵی خۆت هێلانەت لەم زەوییە |
تیرەکانی «کیوپید»م هێناوە جوان | پێم تەنیوە وەک هونەرمەندێکی لێزان |
نزام بۆ «ئاهورامازدا» کردووە بە دڵ | کە هەر توولەی بکات یەک داری دارگوڵ |
هەرگیز نەهێڵێ «ئەهریمەن» بەوێدا بێ | هەرچی ڕێیەک بۆ ئەو بچێ لێی ببڕێ |
خواردەمەنیم لە تاسە و لە هەستی بەکوڵ | بۆ کردوویت ئەی نەشمیلە، ئەی گیان و دڵ |
ناخم تەرخان کردووە بۆت هەموو کاتێ | تا تەوژمی هەستی بەکوڵمت بگاتێ |
لێوەی سەیری بەهەشتی خۆشەویستم کەی | تا پەست نەبیت هیچ کاتێ دڵ لە دڵ نەدەی |
فەرموو ئەی مەلە جوانەکە بۆ وەستاوی | بۆ وا واقت وڕماوە یا حەپەساوی |
وەرە ڕاکە ئەم قەفەزە، ئەو جێگایە | کە ئارامگەی ژینی بەختیاریتی تیایە |
بەتایبەتی خۆت خاوەنی گیانم ئەبیت | خۆت خاوەنی تێکڕا گشت ژیانم ئەبیت |
ژینی منت ئەکەوێتە دەست بە جارێ | خۆت بکوژ و ببڕ ئەبیت بۆ گشت کارێ |
من ئەبمە کۆیلەی خۆت و قەفەزەکەت | پاسەوان و پارێزەری هێلانەکەت |
فەرموو پێشوازیکردنت لەسەر سەرە | چاوەڕێتم فەرموو وەرە، فەرموو وەرە |
1964/08/12
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|