قانع و گردی سەیوان
Appearance
| ئەی گردی سەیوان شاری خامۆشان | ئارامگای کۆڕی بلووری پۆشان |
| نۆ هەوارگەی خێڵ دەستەی بابانی | کوێستانی کۆچی نەوجەوانانی |
| کاروان بەزگەی بەرز قافڵەی لاوانی | گڵو دەرەی کۆچ میر و گاوانی |
| کاتێ گوڵ ئەکا ئەرخەوانەکەت | سەوز ئەکاتە بەر خاکە جوانەکەت |
| ئەڕازێتەوە بە گوڵی زەرد و شین | چەن من و بوڵبوڵ دێنێتە گرین |
| بووکی ڕازاوەی دەسکاری خوای | لە پێش چاو منا بێ وێنە و تەنیای |
| کوێستانەکانمان هەرچەن کە جوانن | ئێڵاخی کۆچی جاف و گۆرانن |
| پاییز خێڵە و خوار گشت چۆڵ و هۆڵن | جێگەی بایەقوش هەوارگەی چۆڵن |
| تۆ کە هەر لاوێ کۆچی کرد بۆ لات | ئیتر نابینرێ لەڕووی سەربیسات |
| دەستی گەییە تۆ، هەر کۆچ هەر خێڵێ | قەت دڵی نایەت تۆ بە جێ بێڵێ |
| هەوات هین خۆشە لە ڕووی سەر زەمین | دانیشتوانت بە کراسێ ئەژین |
| بەڵام نازانم لە کەیۆ شاری | بناکەردەی دەس کام شەهریاری؟ |
| ئەوەڵجار کێ بوو کۆچی کردە لات | بووی بە ماڵی کێ تا واتە لێ هات؟ |
| ڕاستم پێ بێژە مەنزڵگای یاران | سەیرانگای گشتی سوبح و ئێواران |
| جوابی دایەوە گردی دەروون پڕ | بە چەشنی سەدەف پڕ لە دانەی دوڕ |
| *** | |
| وەرامی سەیوان | |
| وتی ئەی قانع گردی لا شارم | بە سەیوان مەشوور لە عام دیارم |
| ئیبراهیم پاشا لە «قەڵاچوالان» | بۆ گوێزانەوە هیممەتی نوان |
| ئەوسا پێتەختیان قەڵا چوالان بوو | قەڵا چوالانیش زۆر تەنگەلان بوو |
| تاریخ هەزار و یەکسەد و نەوەد | لە نۆ ڕابورد بوو لە هیجرەت ئەحمەد |
| دەشتی مەڵکەندی دەشتێکی پان بوو | جێی جڵێت بازی سوارەی مەیدان بوو |
| دەشتی مەڵکەنی بۆ خۆی کرد بە شار | تیایا درووسکرد قەیسەری و بازاڕ |
| لەم جێگەی سەرا، سەرای دامەزران | ڕازاییەوە زۆر شیرین و جوان |
| پاچیان دا لە خاک بۆ خەنەک سەرا | بەدەم پاچەوە مۆرێک هەڵ کەنرا |
| نواڕیان مۆری سڵێمان ناوە | ئاخۆ چەن ساڵە لەخاکا ماوە |
| ئەو ڕۆژە کەوا مۆر دۆزرایەوە | لە مەجلیس پاشا کە خوێندرایەوە |
| حەرەمی پاشا کەوتە مناڵ بوون | کوڕێکی بینی وەک شووشەی ئاڵتوون |
| پاشا کوڕەکەی ناو نا سڵێمان | وتی ئەم مۆرە نگینە بۆمان |
| چونکە مۆرەکەی بە نگیین زانی | شاریشی ناو نا بە سلێمانی |
| تایفەی بابان پاشای تەواو بوون | خاون تەخت و تاج، شۆرەت و ناو بوون |
| نە بەر حوکمی ڕووم نە حوکمی عەجەم | کوردستانیان کرد بە باخی ئیرەم |
| لە دەرگای سەرا سوبح و ئێوارە | عادەتی کوردان بەزمی نەقارە |
| تەعلیمی عەسکەر ڕمبازی سوار | ڕۆژێ دوو نۆبە لە قەراخی شار |
| ڕەعیەت بە ئازاد دووکاندار دڵخۆش | لادێیی و شاری، وەکوو یەک تەڕ پۆش |
| سەپان و گاوان، مامۆسا و قازی | هیچ کەس لەبەش خۆی نەبوو ناڕازی |
| لەوساوە منیش گۆڕخانەی شارم | هەوارگەی لاوی زرنگ و هۆشیارم |
| شاهانی بابان میرانی زەمان | بەگ و بەگزادەی خاکی کوردسان |
| چەن شێخی ڕاستی، چەن عالمی دین | چەن شۆڕە سواران خاوەن ئەسپ و زین |
| چەن پاڵەوانان کڵاوخوود لەسەر | چەن ڕەم وەشێنان چەن دەس بە خەنجەر |
| چەن گەورە کچان خانی کچی خان | چەن کوڕی لاو چاک شێری ڕۆی مەیان |
| چەن گەنجی تازەی دنیا نەخواردوو | چەن پیری پاکی تەمەن ڕابوردوو |
| چەن حاجی پاکدین چەن گەورە توجار | چەندە ئاسنگەر چەن هەزار عەتتار |
| چەندە عاشقان چەن مەعشووقەی جوان | چەندە ئاغا لەر ساحب سفرە و خوان |
| چەن گرێی دڵی لاوانی خوێن گەرم | چەن لەنجە و لاری کچانی پڕ شەرم |
| چەن شاعری هۆز تەبیعەت ڕەوان | ساف و بێ گرێ وەک ئاوی میروار |
| چەندە فەیلەسووف چەن ئەدیبی چاک | چەن قەڵەم وەشێن نەترس و بێباک |
| یەک یەک لەلای من جەماتیان جەمە | قانع بەڕاستی هەر تۆمان کەمە |
| زیوەر و خاکی، بێکەس و هۆشیار | سالم و حەمدوون، مەحمووی جەوهەر دار |
| یا ساحێبقڕان «حەمدی» فەیلەسووف | لەناو ئەدیبان مەشور و مەعرووف |
| حاجی تۆفیق بەگ مامۆستای کوردان | پیرەمێرد مەشور لەناو هاوفەردان |
| فایقی زیوەر دوا کۆچی یاران | هەموو لای منن پۆلی ناوداران |
| ئەرخەوانەکەم بۆیە وا سوورە | نموونەی خوێنی لاوی مەغروورە |
| هەر ساڵێ جارێک تارا ئەپۆشێ | خوێنی شەهیدە لە خاک ئەجۆشێ |
| یانێ ها خەڵکە خوێنمان ون مەکەن | باوەڕ بە گەزاف دڵ دوژمن مەکەن |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|