قانع و شەماڵ
Appearance
ئەم پێنجخشتەکییە لە ڕۆژنامەی کوردستان، ژمارە ٦٨ ڕێکەوتی ٢٧ی پووشپەڕی ساڵی ١٩٤٦ کە لە مەهابادی خوێناوی دەردەچوو وەرگیراوە، قانع لەم هەڵبەستەدا باسی هەر چوار جەنەڕاڵەکەی کۆماری کوردستان دەکات.
| بای شەماڵ! مەردی خوا بە، هەڵکە سروەی بەربەیان | بێرە سەر نرکە و گوڕە، گرمەت وەکوو شێری ژیان |
| مژدە بێ بۆ شار و لادێ و خێڵ و هۆبەی کوردەکان | جێژنی سەربەستیی وڵاتە و ڕۆژی بەرزیی نیشتمان |
| پێشەوامان هەر بژی بۆ خزمەتی کوردی زمان | |
| جاڕ بدە بۆ کوردەواری، بێژە ڕۆژت کەوتە دەر | مژدە بێت دەوری نەما دەردی دڵ و زامی جگەر |
| مژدە بێت ڕۆژی نەما ترسی شەرەف، بیمی خەتەر | لابرا سێدارەکان و لابرا قەسری قەجەر |
| پێشەوامان هەر بژی بۆ خزمەتی کوردی زمان | |
| موددەعی خۆی پێ نەگیرا ڕووبەڕووی مەیدانی کورد | چونکی زووتر چێشتبووی نووکی ڕمی شێرانی کورد |
| مڵکی سەربەستی بە تاپۆ وا لە دەس لاوانی کورد | جا لەمەولا بێرە سەیری مەعرەکەی مەیدانی کورد |
| پێشەوامان هەر بژی بۆ خزمەتی کوردی زمان | |
| لێدە تەپڵی بەزم و شادی؛ بانگە، بانگی ئەلفەرار | ڕاپەڕە و خۆت هاوە کۆڕ و ناوەڕاستی کارزار |
| شێر لە بێشە بێتە دەر، عەیبە نەکا مەیلی شکار | کاکی کوردم! نیشتمانت چاوەنواڕە، ئینتیزار |
| پێشەوامان هەر بژی بۆ خزمەتی کوردی زمان | |
| هیممەتی قازی محەممەد، پێشەوا و فەرهادی کورد | ڕۆشنی کردۆ لە نۆ، بنچینە و بنیادی کورد |
| خاکی ئازادی بە جارێک خستە دەست ئەولادی کورد | لاپەڕەی مێژوو دەنووسێ ڕۆڵە و ئیجادی کورد |
| پێشەوامان هەر بژی بۆ خزمەتی کوردی زمان | |
| خانی بانە، حەزرەتی سەردار ڕەشیدی دارۆخان | «فیلحەقیقەت» بۆ نەجاتی هۆزی خۆی، سەعیی نوان |
| نایە لاوە مڵک و ماڵ و عائیلە و ڕۆح و ژیان | ڕۆستەمانە موکریانی کرد بە دەشت مازەندەران |
| پێشەوامان هەر بژی بۆ خزمەتی کوردی زمان | |
| شێخی کوردی، حەزرەتی شێخ مستەفا، وەک نەڕڕەشێر | خۆی و فەوجی بارزانی، یەک لە یەکتر دەنگ دلێر |
| کۆچی خێری بۆ وڵاتی کوردەواری بوو بە خێر | تاقمی بەرزان و دوژمن هەر وەکوو کارد و پەنێر |
| پێشەوامان هەر بژی بۆ خزمەتی کوردی زمان | |
| هەر کەسێک ئیرسێکی هەس، خوێنڕشتنە ئیرسی شکاک | شاهیدم سالاری سمکۆ، چۆن موشەڕڕەف بوو بە خاک! |
| دوژمنی عێلی شکاک هەر سەرشکاوە و سینەچاک | عوممەر و تاهیر بژین بۆ گیانفیدایی ئاو و خاک |
| پێشەوامان هەر بژی بۆ خزمەتی کوردی زمان | |
| قانعا! خۆزگەم بە خۆت بۆ کۆمەڵ و پشت و پەنات | یەک لە یەکتر چاکترن خان و بەگ و شێخ و مەلات |
| سەیری کە، چۆن تێئەچن بۆ گرتنی ڕێگەی نەجات | شادی مەرگی چاکە بۆ تۆ، هاتە جێ گشت ئیددیعات |
| پێشەوامان هەر بژی بۆ خزمەتی کوردی زمان | |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|