قانع و شوان
Appearance
ڕۆژێ ڕێم کەوتە سەر بەندی شاخێ | کێوێکی دارسان بەرزە دەماخێ |
کاتیش چ کاتە؟ کاتی بەهارە | کوردستان هەمووی چەشنی گوڵزارە |
کاتی ئازادی دیلی زستانە | سەیر و تەماشای دیدە مەستانە |
نزار پڕ لە گوڵ، گوڵی فراوان | سەوز و سوور و شین وەک دڵی لاوان |
کەرەس لەسەر چووز، مەنێ بە خەروار | هەڵەکۆک زۆر کۆک، کاشمە لە ناو غار |
ڕێواس سپی و ساف، وێنەی شووشەی زیو | شەماڵ لێی ئەدا، ئەم دیو بۆ ئەو دیو |
پیچک بە یەک چڵ، وەک من تەنیا و تاک | ئەو لە سای سێبەر من ئامێتەی خاک |
خوژە گەڵا لوول، قومام کڵاو لار | تریشکە و تەڕلە، هەزاران هەزار |
وەنەوشە لە چەم، لە پای بەفراوان | هەڵاڵە برمە، فرمێسک لە چاوان |
بەرزەلنگ سەربەرز، گاگۆراڵ بە تەوق | بۆی ئەدابابا گەش و پڕ لە شەوق |
کە زانیم دنیا تەواو گوڵ گەشتە | چەپکەی نزاران چەشنی بەهەشتە |
*** | |
پاڵم دا بە پاڵ دارمازوو دارێ | ڕوانیم کە تک تک عەتری ئەبارێ |
نواڕیم لە لاما هەندێ حەیوانە | پڕمەی مێگەل و تەقەی گۆچانە |
دیم نەوجوانێک کەپەنک لە بەر | گاڵۆک لە مەچەک، کڵاو لە لای سەر |
شمشاڵێکی زەرد لە تۆی پشتێنی | مەر چاک تێفکری، ئەرنا نایبینی |
مەرحەبا خاڵۆ، چۆنی کاکە گیان؟ | لەویا کەوتە بەین، قانع و شوان |
مامە بە خێر بێی، خەڵک کام خێڵی | چیت لە ون بووە، بەم جۆرە وێڵی؟ |
وتم بابە گیان دڵم ون بووە! | ئەی تۆ نازانی کە بۆ کوێ چووە؟ |
پێکەنی وتی: مامە دڵ گشتمان | ئەسووڕێتەوە بۆ دەوای نیشتمان |
تۆزێ ڕاوەستە، بانگی بکەم بۆت | بیخەمەوە ناو سینەی تەنگی خۆت |
نەوی لە شمشاڵ لە هەوای هەی دڵ | هەی دڵ! هەی نامەرد، هەی نازک وەک گوڵ! |
کە پەنجەی جووڵان، هەر یەک هەوایێ | هەر یەکە دەنگێ، هەر یەک نەوایێ |
گوێم گرت کەوتە سەر بەزم و شۆری نەی | چۆپی، چەمەری مقامی «وەی وەی» |
گا «مینا مینا»، تاوێ «تەل و بەل» | گا «لەیلی لەیلی» هەوای لای مێگەل |
تاوێ «خرنگەکە»، تاوێ «ئای نەخشان» | گا «چاوە ڕەشێ»، بەزمی «شانەوشان» |
تاوێ «سێ پێیی»، گا هەوای «لای ڕان» | گا «هەی سوار هەی سوار» بەزمی ڕووی مەیدان |
گا «سەوزە سەوزە»، تاو تاوێ «حەیران» | گا «بووک و خەسوو»، بەزمی «ژن هێنان» |
*** | |
خاوی کردەوە کرژی دەمارم | کەوتەوە بیرم، یاری دڵدارم |
کز کز بۆی گریام، تا تەواوی کرد | زانی پەشێوم، شمشاڵی لابرد |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|