قانع و سەری
Appearance
سەرێ پڕ نەبێ لە سەودای نیشتمان | دایم گێژ نەبێ لە خەم بێ دەستان |
گەر نەیەتە سووڕ، بۆ دەوای دەردان | هەر تەوالێت کاو مێزەری گران |
لە خوا ئەخوازم کە بە بڕین چێ | تا دوا هەناسەی بەزار و شین چێ |
*** | |
سەرێ خۆی بەرزبێ و چش بکا لە هۆز | بێ سەر ببینێ و خۆی بکا بە قۆز |
فرمێسک نەڕێژێ بۆ جێماوی هۆز | ئاهـ، هەڵنەکێشێ ئاهی جگەر سۆز |
لە خوا ئەخوازم کە بە بڕین چێ | تا دوا هەناسەی بەزارو شین چێ |
*** | |
سەرێ وەک مێوبێ لە حاستی دوژمن | بەڵام پۆڵابێ بەرامبەر بە من |
پڕ بێ لە خەیاڵ، بۆ کچۆڵە و ژن | دەک بی پێچێتۆ لە ناو تۆی کفن |
لە خوا ئەخوازم کە بە بڕین چێ | تا دوا هەناسە بەزارو شین چێ |
*** | |
سەرێ لە حەنای یاران نەرم نەبێ | بۆ کەس و کاری تەواو گەرم نەبێ |
لەڕێی نامووسا لەسەر تەرم نەبێ | لەگەڵ ڕیش سپی، پڕ لە شەرم نەبێ |
لەخوا ئەخوازم کە بە بڕین چێ | تا دوا هەناسەی بەزارو شین چێ |
*** | |
سەرێ نەزانێ سەرداری چۆنە | تێر بێ و نەزانێ هەژاری چۆنە |
هەر گیز نەیدیبێ خەمباری چۆنە | مەس بێ و نەزانێ هوشیاری چۆنە |
لە خوا ئەخوازم کە بە بڕین چێ | تا دوا هەناسەی بە زارو شین چێ |
*** | |
سەرێ لە وەسواس مەینەت ئازاد بێ | بە ملهوڕیی خۆی، تەواو دڵشاد بێ |
ئەو بە مرادبێ و خەڵک بێ مراد بێ | ئەو سەرە ئەگەر کەللەی فەرهاد بێ |
لە خوا ئەخوازم کە بە بڕین چێ | تا دوا هەناسەی بەزارو شین چێ |
*** | |
سەرێ نەنواڕێ بۆ دەور و پشتی | قەت تێ نەکۆشێ بۆسوودی گشتی |
گاڵ هەڵنەوەرێ لە درزی مشتی | دۆشەک ڕابخا و، شان لەسەر پشتی |
لەخوا ئەخوازم کەبە بڕین چێ | تادوا هەناسەی بەزار و شین چێ |
*** | |
سەرێ پڕ لەگڕ، وەک تەنوور نەبێ | پڕ لە مێشکی ڕوون وەک بلور نەبێ |
لەخۆ پەسەندی تەواو دوور نەبێ | ڕۆژی تەنگانە تەواو سوور نەبێ |
لەخوا ئەخوازم کەبە بڕین چێ | تا دوا هەناسەی بەزار و شین چێ |
*** | |
سەرێ سەراسێ نەگرێ بۆ وڵات | هاواری لێ کەی نەگاتە فریات |
پەژارەی نەبێ بۆ بێ دەسەڵات | بەکەس نەبەخشێ پیاوەتی وخەڵات |
لەخوا ئەخوازم کەبە بڕین چێ | تادوا هەناسەی بەزارو شین چێ |
*** | |
سەرێ بەبێ خەم چێتە سەر سەرین | دوو گوێی خۆی کەڕکا لە شین و گرین |
جارێک نەیەتە سەر ئاهو ناڵین | هیچ خەمخۆر نەبێ، بۆ دەستەی بێ تین |
لەخوا ئەخوازم کەبە بڕین چێ | تا دوا هەناسەی بەزار و شین چێ |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|