قانع و زانین
Appearance
| چاکی چلۆنی مەرحەبا زانین | بۆ پێشکەوتنت هەزار ئافەرین |
| باوەڕم هەیە بە سیدق و یەقین | هەر تۆ پێش ئەخەی کۆمەڵی بێ تین |
| ئافەرین زانین! هەزار ئافەرین | |
| شێرە گەرچەکت کرد بە کارەبا | ئاسن و دارت وەک کەر بار ئەبا |
| بێ تەلت وشە شارەوشار ئەبا | ئافەرین لە تۆ، زانین مەرحەبا |
| ئافەرین زانین! هەزار ئافەرین | |
| برێشکەی شەخست کرد بە پەنسلین | جگەر بە ترشت کردووە بە کنین |
| چەن هەزار شێخت خستە زار و شین | ڕوو لە سقووتن گشت مات و حەزین |
| ئافەرین زانین! هەزار ئافەرین | |
| زانین تۆ وەحشی دێنیتە زمان | دڕندەی سەر کێو ئەکەی بە ئینسان |
| کوڕی فەیلەسۆف، بێ تۆ وەک حەیوان | ئەسووڕێتەوە کۆڵان بە کۆڵان |
| ئافەرین زانین! هەزار ئافەرین | |
| لە دوو پارچە دار سنووقێ ئەکەی | دەنگی ڕۆژهەڵات بۆ مەغریب ئەبەی |
| گەرچی جارجارێ زەرەریش ئەخەی | مشتەکۆڵ لە دەم هەژاران ئەدەی |
| ئافەرین زانین! هەزار ئافەرین | |
| بە بۆنەی تۆوە زک هەڵئەدڕن | نەخۆشی ناو زک لە ڕیشە ئەبڕن |
| زنجیری زۆری زۆرداری ئەچڕن | دەوڵەت بە دەوڵەت شار بە شار ئەفڕن |
| ئافەرین زانین! هەزار ئافەرین | |
| ئاشکرایە تۆ شتێکی چاکی | هۆی سەرکەوتنی دیار و خاکی |
| لە گڵۆپ چاتر بەرز و ڕووناکی | لە پێشکەوتنا سوارێ چالاکی |
| ئافەرین زانین! هەزار ئافەرین | |
| بەڵام ئەی زانین لێم زویر مەبە | تۆ سەر ئەرستۆ، لێم دڵگیر مەبە |
| حەز ئەکەم گەنج بی، هەرگیز پیر مەبە | لابە خزمەتکار، شا و وەزیر مەبە |
| ئافەرین زانین! هەزار ئافەرین | |
| هەر ئەسپابی خوێن ڕژاندنی | هەر تۆش ئەسپابی مێشک پژاندنی |
| هەر تۆش واستەی ژن قیژاندنی | هەر تۆش واستەی خاک بێژاندنی |
| کەلەبچەی دەستی کۆمەڵی بێ تین | |
| شەستیر ڕێک ئەخەی وەک هەوری بەهار | گوللە ئەڕژێنێ لە سەر تا بە خوار |
| هەژاران ئەکوژێ وەکوو گەڵای دار | بە بۆنەی تۆوە زۆر ئەکا زۆردار |
| کەلەبچەی دەستی کۆمەڵی بێ تین | |
| گشت خەتای تۆیە ئاهی دڵی تەنگ | گشت خەتای تۆیە لە ڕووی گێتی جەنگ |
| تۆ بێ دەسەڵات ئەگۆڕی لە ڕەنگ | مالی خەڵک ئەخۆن بە لوولەی تفەنگ |
| کەلەبچەی دەستی کۆمەڵی بێ تین | |
| قونبەلەی زەڕە تۆ هێناتە کار | بە یەک قونبەلە ئەسووتێ چەن شار |
| ئەکەی بە مردوو چەن کچی نازدار | چاک وێران ئەکەی بەر کۆشک و تەلار |
| کەلەبچەی دەستی کۆمەڵی بێ تین | |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|